• تەمەڵبوونی چاو Amblyopia بریتییە لە كەمبوونەوەی توانای یان تیژیی بینین كە لە ئەنجامی پەرەسەندنی ناتەواوی چاوەكان لە تەمەنی منداڵیدا روودەدات، لێرەدا رێڕەوە دەمارییەكانی نێوان چاو و مێشك بە تەواوی ناوروژێن لەكاتی بینیندا، بۆیە مێشك سیگناڵەكانی چاوە تەمەڵەكە فەرامۆش دەكات و سیگناڵەكانی چاوە دروستەكە بە تەواوی وەردەگیرێت. ئەم گرفتە زیاتر یەك چاو دەگرێتەوە، لەوانەشە كە هەر دوو چاوەكان بگرێتەوە، هەروەها هیچ ناڕێكی یان تێكچوونێك لە پێكهاتەی چاودا بەدی ناكرێت. تەمەڵبوونی چاو بە خێزان دەگوازرێتەوە، هەروەها زیاتر لە منداڵە ناكامەكاندا بەدی دەكرێت لەگەڵ دواكەوتن لە پەرەسەندندا، هەندێك جاریش كورتبینی، دووربینی یان ئەستیگماتیزم هۆكارن. تەمەڵیی چاو هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی توانای بینین لە منداڵدا، ئەگەر چارەسەرنەكرێت ئەوا لەوانەیە كە ببێتە هۆی لەدەستدانی یەكجارەكی بینین. چارەسەری زووتر ئەنجامی باشتری دەبێت، لەكاتی بوونی كورتبینی، دووربینی یان ئەستیگماتیزم، بەكارهێنانی چاویلكە یان هاوێنەی لكاو بۆ راستكردنەوەی بینین. داپۆشینی چاوە دروست و بەهێزەكە Eye patches رۆژانە بۆ ماوەی 2 كاتژمێر زۆر جار چاوە تەمەڵەكە بەهێزدەكات، یان بەكارهێنانی دڵۆپی ئەترۆپین بۆ چاوە بەهێزەكە لەجیاتی داپۆشینی، نەشتەرگەری دوا هەنگاوی چارەسەرە.