دووگیانی بە پیتاندنی هێلكە دەستپێدەكات كە بە ناوپۆشی منداڵدانەوە دەلكێت و گەشەدەكات. هەندێك جار هێلكەی پیتێنراو لە شوێنێكی دەرەوەی منداڵداندا دەچەقێت و گەشەدەكات واتە دووگیانی لە دەرەوەی منداڵداندا Ectopic pregnancy. بەگشتی دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان لە یەكێك لە دوو لوولەكانی فالوپدا Fallopian tube روودەدات، ئەو تیوبەی كە لە نێوان هێلكەدان و منداڵداندایە، لە هەندێك حاڵەتی دەگمەندا دووگیانی لە بۆشایی سك، هێلكەدان یان لە ملی منداڵداندا روودەدات، هەندێك جار بە بێ بوونی هۆكارێكی زانراو روودەدات، هەندێك جاریش هەوكردنی لوولەی فالوپ Salpingitis، بەكارهێنانی دەرمانەكانی نەزۆكی، تێكچوونی هاوسەنگی هۆرمۆنەكان یان ناتەواوی لە پەرەسەندنی كۆرپە هۆكارن. ئەم دووگانییە هەرگیز تا كۆتایی گەشەناكات، بەڵكو زیان بە شانەكانی دەوروبەری دەگەیەنێت و لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری خوێنبەربوونێك كە مەترسی بخاتە سەر ژیان ئەگەر زوو چارەسەرنەكرێت. سەرەتا لەوانەیە كە هیچ نیشانەیەكی نەبێت، یان نیشانەكان وەكو دووگیانی ئاسایی سەرهەڵبدەن بە شێوەی وەستانی عادە، ناڕحەتی لە مەمك، هێڵنج، هەروەها پشكنین بۆ دووگیانی پۆزەتیڤ پیشان دەدات. پاشان، سك ئێشە یان ئازار لە ناوچەی حەوزدا لەگەڵ بینینی خوێن لە رێگای زێوە، لەكاتی تەقینی لوولەی فالوپدا لەوانەیە كە خوێنبەربوونێكی قوڕس رووبدات و ببێتە ئەگەری هێدمە و مەترسی لەسەر ژیانی ئافرەتدا. چارەسەركردن زیاتر بە نەشتەرگەری ئەنجام دەدرێت جا بە پێنۆڕ Laparoscopy یان بە نەشتەرگەری كردنەوەی سك Laparotomy.