رۆژانە ملیۆنەها كەس لە شوێنی كاركردنیاندا رووبەڕووی تۆزی چیمەنتۆ Cement dust دەبنەوە. لە پیشەسازی چیمەنتۆدا تۆز پەیدادەبێت كە كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر تەندروستی بە شێوەی لاوازبوونی فرمانی سییەكان، تەسكبوونەوەی درێژخایەنی رێڕەوەكانی هەناسە، شێرپەنجەی سییەكان، شێرپەنجەی گەدە و كۆڵۆن، لەوانەشە كە تۆزی چیمەنتۆ بگاتە سووڕی خوێن و هەموو شانە و ئەندامەكانی لەش و زیانیان پێبگەیەنێت وەكو دڵ، جگەر، سپڵ، ئێسك، ماسوڵكە. چیمەنتۆ چەند ماددەیەكی كیمیایی تفتی سووتێنەر و كریستالەكانی سیلیكا Silica لەخۆدەگرێت كە كاریگەری نێگەتیڤی راستەوخۆ دەكەنە سەر پێست و سییەكان، هەروەها كانزای كرۆم كە هەستەوەری پەیدا دەكات. كاریگەرییەكان لەسەر پێست بریتین لە: سووتان، سووربوونەوە، سووتانەوە، هەروەها لەسەر چاوەكان بریتین لە: سووتانەوەی چاو، سووربوونەوە و سووتانی كیمیایی. هەڵمژینی تۆزی چیمەنتۆ دەبێتە هۆی سووتانەوەی لووت و قوڕگ، كاریگەرییە خراپەكەی سیلیكا بۆ سیییەكان كە دەبێتە هۆی پەكخستنیان كە بە نەخۆشی سیلیكۆسز Silicosis ناسراوە. لەسەر هەموو ئەوانەی كە مامەڵە لەگەڵ چیمەنتۆ و كۆنكریتدا دەكەن پێویستە كە درك بە مەترسییەكان بكەن و هەنگاوەكانی خۆپاراستن پەیڕەو بكەن بە بەكارهێنانی دەستكێش، جلی گونجاو، چاویلكە، بووت یان جزمە بۆ پاراستنی پێ و قاچەكان.