بەردی میزڵدان

بەردی میزڵدان
بەردی میزڵدان Bladder stone لەبەر پەنگانەوە و چڕبوونەوەی میز لەناو میزڵداندا دروست دەبێت كە وادەكات كانزایەكانی ناو میز یەكبگرن و ببنە كریستال. بەردی بچووك لەخۆیەوە بە بۆڕی میزدا دێتە دەرەوە، بەڵام بەردی گەورەتر پێویستی بە چارەسەركردن دەبێت بۆ لابردنی. ئەگەر بەردی میزڵدان چارەسەرنەكرێت لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری هەوكردن، تێكچوونی فرمانی میزڵدان، گیرانی رێڕەوی میز. بەردی میزڵدان لە هەموو حاڵەتەكاندا نابێتە هۆی سەرهەڵدانی نیشانەكان بەتایبەتی بەردی بچووك. نیشانەكان بریتین لە: ئازار لە خوارەوەی سكدا، بینینی خوێن لەگەڵ میزدا یان لێڵبوون و تاریكبوونی رەنگی میز، سووتانەوە لەكاتی میزكردندا، زوو میزكردن بەتایبەتی لەكاتی شەودا، پچڕ پچڕبوونی لێشاوی میز. بەتاڵنەبوونی تەواوی میزڵدان لەپاش میزكردندا بە هۆكاری سەركی دادەنرێت كە روودەدات لە ئەنجامی: ئاوسانی پرۆستات، گرفت لە دەمارەكانی میزڵدان لە ئەنجامی جەڵتەی مێشك یان برینداربوونی پەتكەدەمار و گرفت لە دەمارەكانی میزڵداندا، لاوازبوونی دیواری میزڵدان، چارەسەر بە تیشك بۆ ناوچەی حەوز، دووبارەبوونەوەی هەوكردنی میزەڕۆ، پاش بەكارهێنانی سۆندەی میز Catheter، بەردی گورچیلەی بچووك كە دەگەنە میزڵدان لەوانەیە لەوێدا جێگیربن. بەردی میزڵدان پێویستە كە لابرێت بە پێنۆڕی میزڵدان یان بە نەشتەرگەری.
Top