ڤیتامینەكان بزوێنەری چالاكییەكانی لەشن

ڤیتامینەكان بزوێنەری چالاكییەكانی لەشن
ڤیتامینەكان Vitamins پێكهاتووی كیمیایی ئۆرگانی ورد و ئاڵۆزن، گرنگی زۆریان هەیە بۆ زۆربەی هەرە زۆری كارلێكە كیمیاییەكان و چالاكی خانە و شانە و ئەندام و كۆئەندامەكان. ڤیتامینەكان وزە و مادەی بیناكار نین بۆ لەش، بەڵكو باشترین شێوەی فرمانە پێویست و گرنگەكانی لەش دابین دەكەن و زۆریان وەكو ئەنزیم یان كۆئەنزیم كاردەكەن. ڤیتامینەكان بە پێی پیتی ئەبجەدی ئینگلیزییەوە ناونراون هاوكات لەگەڵ مێژووی دۆزینەوەیان. هەر ڤیتامینێك ناوی كیمیایی خۆی هەیە بە پێی پێكهاتەكەی، هەندێكیان زیاتر لە یەك ناویان هەیە لەبەر ئەوەی كە لە كۆمەڵێك مادەی كیمیایی پێكهاتوون. ڤیتامینەكان بە دوو گروپ پۆڵێن دەكرێن: ئەو ڤیتامینانەی كە لە چەوریدا دەتوێنەوە وەكو ڤیتامین A و ڤیتامین D، ڤیتامین E، ڤیتامینK، ڤیتامینF هەروەها ئەو ڤیتامینانەی كە لە ئاودا دەتوێنەوە وەكو ڤیتامین C و كۆمەڵەی ڤیتامین B. هەموو ڤیتامینەكان لە خۆراكەوە سەرچاوەدەگرن، خۆراكی ئاژەڵی و خۆراكی رووەكی. لەش دەتوانێت كە تەنیا ڤیتامین D لەژێر پێست بە كاریگەری تیشكی خۆر و ڤیتامین K لە ریخۆڵەدا بۆ خۆی دروست بكات. واباشترە كە ڤیتامینەكان لە رێگای خۆراكەوە دابین بكرێن، بەكارهێنانی مەڵتی ڤیتامین لە رێگای دەنك و كەپسول یان شەربەت تەنیا بۆ هەندێك حاڵەتی تایبەت و بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بە رێنمایی دكتۆر دەبێت.
Top