بەها خۆراكییەكەی كونجی Sesame بۆ رێژە بەرزەكەی چەندین كانزا دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە ئاسن، كالسیۆم، مەگنسیۆم، كۆپەر، زینك، فۆسفۆر، پۆتاسیۆم، مەنگەنیز. هەروەها كونجی دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەكانی B1 و E، لەگەڵ رێژەیەكی باشی ریشاڵ Fiber و رێژەیەكی بەرزی ماددە دژەئۆكسانەكان كە هەندێكیان دژی شێرپەنجە كاردەكەن وەكو ماددەی سیسامین Sesamin، هەندێكی تر وەكو لیگنانەكان Lignans رۆڵیان هەیە لە دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن. كانزای كۆپەر رۆڵی هەیە لە كەمكردنەوەی ئازار و ئاوسانی جومگەكاندا كە تووشی نەخۆشی هەوكردنی رۆماتزیمی دەبنەوە، پاشان رۆڵی دیكەی هەیە لە سستەمی دژەئۆكسانی ئەنزیمەكان و دژە هەوكردن، ئەمە سەرەڕای پاراستنی پتەوی ئێسك و جومگەكان و چوستی لاستیكی بۆڕییەكانی خوێن. رێژە بەرزەكەی مەگنسیۆمیش گرنگی هەیە لە پاراستنی بۆڕییەكانی خوێن و كۆئەندامی هەناسەدا، بۆیە سوودبەخشە بۆ تووشبووان بە نەخۆشیی رەبو و بۆ تووشبووان بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و شەقەسەر چونكە گرژبوونی بۆرییەكانی خوێن كەم دەكاتەوە. كانزای كالسیۆم، جگە لە گرنگییەكەی بۆ پاراستنی پتەوی ئێسك و ددانەكان، خانەكانی كۆڵۆن لە تووشبوون بە شێرپەنجە دەپارێزێت. كانزای زینك یان تۆتیا كە بە رێژەیەكی باش لە كونجیدایە، ئێسكەكان لە پوكانەوە یان كەمبوونەوەی بارستایی دەپارێزێت.