هۆكارەكانی نەزگرە

هۆكارەكانی نەزگرە
نەزگرە Hiccup روودەدات لە ئەنجامی گرژبوونەوەیەكی كۆنترۆلنەكراوی ناوپەنچك Diaphram و بەگشتی مەترسی بۆ تەندروستی نییە. هۆكارە باوەكان بریتین لە: جۆری خۆراك لە هەندێك كەسدا دەبێتە هۆی گرژبوونی ناوپەنچك، بۆ نموونە زیاد خواردن، خۆراكی تیژ، خۆراكی گەرم، خۆراكی سارد، قووتدانی هەوا، خواردنەوەی شلەكان بە پەلە، خواردنەوەی ئەلكهول، نوشابە گازدارەكان، خواردنەوە ساردەكان، هەندێك جار كڕانەوە یان سووتانەوەی قوڕگ كە بە هۆی جگەرەكێشان یان هەستەوەری قوڕگ یان هەڵامەتەوە روودەدات، نەخۆشیی شەكرە، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان وەكو دەرمانەكانی چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس بەتایبەتی گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك GERD، هەروەها دەرمانە خەوێنەرەكان. چارەسەر لەماڵەوە دەكرێ بە خواردنەوەی ئاو، قووتدانی كەوچكێك هەنگوین، خواردنی مڕەبا یان كەرەی فستقی سودانی یان ساسێكی تیژ لەوانەیە كە نەزگرە رابگرن. راگرتنی هەناسە بۆ ماوەی 30 چركە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن كە ئەویش ناوپەنچك خاودەكاتەوە و نەزگرە دەوەستێنێ، بەڵام ئەم رێگایە لەوانەیە كە ببێتە هۆی سەرسووڕان، بۆیە واباشە كە ئەم تەكنیكە تەنیا لەكاتی دانیشتندا ئەنجام بدرێت. گەلێك جار تووشبوو پێویست بە چارەسەری پزیشكی دەكات بە شێوەی بەكارهێنانی دەرمانی خاوكەرەوەی ماسوڵكە و دەرمانی ئارامبەخش.
Top