دوو دڵۆپ كوتان دژی ئیفلیجیی منداڵان

دوو دڵۆپ كوتان دژی ئیفلیجیی منداڵان
هەڵمەتی دووەمی كوتان دژی ئیفلیجیی منداڵان لە سەرتاسەری هەرێمدا دوێنێ یەكشەممە 5 ی ئایار دەستیپێكردووە و بۆ ماوەی 5 رۆژ بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لە هەموو دایك و باوكان دەكەین كە هەرگیز منداڵەكانیان لەم كوتانە بێبەش نەكەن، تیمە راهێنراوەكانی تەندروستی سەردانی ماڵەكانتان دەكەن. كوتانەكە بە پێدانی 2 دڵۆپ بە رێگای دەم دەدرێت و هەموو ئەو منداڵانە دەگرێتەوە كە تەمەنیان لە نێوان 1 رۆژ تا 5 ساڵدایە جا ئەگەر بە پێی خشتەی رۆتینی كوتانی خۆیان كوترابن یان نەكوترابن هەر پێویستە كە كوتانەكە وەربگرن. ئیفلیجیی منداڵان Poliomyelitits نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە، زۆر بە خێرایی بە رێگای دەم دەگوازرێتەوە، مەترسی ئەو نەخۆشییە لەوەدایە كە ڤایرۆسەكە پەلاماری كۆئەندامی دەمار دەدات و دەبێتە ئەگەری ئیفلیجی هەمیشەیی كە زیاتر لە یەك قاچ یان لە هەردوو قاچدا روودەدات و تا ئێستا چارەسەری نییە. بە گەیشتنی ڤایرۆسەكە بە مێشك و پەتكە دەمار هەوكردن دروست دەكات و دەبێتە هۆی ئیفلیجبوون. كوتان دژی ئیفلیجی منداڵان هەر لە ساڵی 1961ـەوە لە سەرتاسەری جیهاندا بە منداڵان دەدرێت كە تا ئێستا تاكە رێگایە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە ئیفلیجیی منداڵان، ئامانجیش لە هەڵمەتی كوتان بنبڕكردنی نەخۆشیییەكەیە لە هەموو جیهاندا.
Top