جگەرە هۆكارە بۆ كەمیی ڤیتامین

جگەرە هۆكارە بۆ كەمیی ڤیتامین
نیكۆتین و ماددە ژەهراوییەكانی دیكەی ناو جگەرە خانەكانی لەش تێكدەدەن و گرفتی گەورەی تەندروستی پەیدا دەكەن لە شێرپەنجە، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل، نەخۆشیی خوێنبەرەكان و نەخۆشیی دڵ، نەخۆشی لە كۆئەندامی هەناسەدا. ئەگەری كاریگەرییە خراپەكانی جگەرەكێشان زیاتر دەبن بە درێژیی ماوەو قورسیی جگەرەكێشان. جگەرەكێشان كاریگەرییەكی نێگەتیڤ دەكاتە سەر هەڵمژینی گەلێك ڤیتامین و كانزا كە بۆ لەش و تەندروستییەكی باش زۆر پێویستن. جگەرەكێشان زیاتر لە هەموو ڤیتامینەكان گرفت بۆ ڤیتامین C پەیدادەكات. جگەرەكێشانی زیاتر واتە لەدەستدانی بڕی زیاتری ڤیتامین C لە ناو خوێن و خانەكانی لەشدا، ئەمەش وا لە لەش دەكات كە پێویستی بە بڕی زیاتری ڤیتامین Cبێت بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی كە لە ئەنجامی جگەرەكێشانەوە بە خانەكانی لەش گەیشتووە. بۆ ئەم مەبەستە، جگەرەكێش رۆژانە پێویستی بە نزیكەی 2000 ملگم ڤیتامین C هەیە كە ئاسان نییە تەنیا لە رێگای خۆراكەوە دابینی بكات بۆیە پێویست دەكات كە ڤیتامین C و ڤیتامین و كانزایەكانی دیكەش لە رێگای یارمەتیدەرەكانی خۆراكەوە Vitamin supplements وەربگیرێت، بەڵام بە رێنمایی دكتۆر.
Top