بەهای خۆراكی بامیە

بەهای خۆراكی بامیە
بامیە Okra كە بە گەمبۆ Gumbo ناسراوە، بەهایەكی خۆراكیی بەرزی هەیە، وزەیەكی كەم لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە 100 گرام بامیە تەنیا 30 كالۆری وزە بە لەش دەدات، هیچ چەوری تێدا نییە، رێژەی ئاو تێیدا دەگاتە 88%، هەروەها دەوڵەمەندە بە ریشاڵ و ڤیتامین و كانزا، یەكێكە لە لیستی ئەو خۆراكانەی كە بۆ ریجیم و كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش گونجاون. سوودەكانی دیكەی بریتین لە: یارمەتیدانی جوولەی ریخۆڵە و رێگرتن لە قەبزی، ڤیتامین A و رێژەیەكی بەرزی لە ماددەی دژەئۆكسانەكانی بیتا كارۆتین و لیوتین و زانتین لە گرووپی فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids تێدایە كە سوودیان هەیە بۆ بینین و پێست و خۆپاراستن لە شێرپەنجەی سییەكان و بۆشایی دەم، هەروەها فۆلێت كە گرنگی زۆری هەیە بۆ پاراستنی كۆرپە لە سەقەتیی زگماكی لە ئافرەتی دووگیاندا، لەگەڵ ڤیتامین C كە سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە و سستمی بەرگری لەش بەهێز دەكات دژی هەوكردنە میكرۆبییەكان. بامیە چەندین كانزای گرنگ و كۆمەڵەی ڤیتامین B لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ڤیتامین K كە گرنگە بۆ كرداری مەیینی خوێن و بەهێزكردنی ئێسك.
Top