ئایا دەكرێ واز لە شەكر بهێنیت؟

ئایا دەكرێ واز لە شەكر بهێنیت؟
ئایا لە راستیدا شەكر ئەگەری راهاتنی لێدەكرێت، ئایا وازهێنان لە شەكر هیچ نیشانەیەكی جەستەیی یان دەروونی پەیدا دەكات؟ ئەمە ئێستا بۆتە تەوەری گفتوگۆ لە نێوەندە پزیشكییەكاندا. شەكر دەبێتە هۆی هەستكردنێكی كاتی بە وزە و مەزاجێكی خۆشتر، بەهەرحاڵ ئەم هەستكردنە بەرە بەرە لەگەڵ خواردنی بڕی زیاتری شەكر كەم دەبێتەوە. ئەو كەسانەی كە بە شێوەیەكی كتوپڕ واز لە شەكر دێنن ئەوا بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك هەست بە كەميی وزە یان بێهێزی گشتی دەكەن لەگەڵ حەزێكی توند بۆ خواردنی شیرینی یان شەكر Sugar cravings و هەستكردن بە دڵتوندی لەگەڵ سەرهەڵدانی چەند نیشانەیەك وەكو هەڵامەت لە هەندێك كەسدا. لە لایەنی سایكۆلۆژییەوە، وازهێنان لە شەكر كارێكی ئاسان نییە، كارێكی بە ئازارە لەگەڵ هەستكردن بە ونكردنی شتێك بەتایبەتی كە گەلێك خۆراك شەكری شاراوە لەخۆدەگرن، بۆ نموونە شیرەی گەنمەشامی Corn syrup یان فركتۆز، هەروەها چەندین جۆری كاربۆهیدراتی سادە وەكو ئاردی گەنم لە لەشدا دەگۆڕێن بۆ شەكر، ئەلكهولیش شەكرئكی شاراوەیە Hidden sugar. لە لایەكی دیكەوە، لەبەر پەیوەندییە بەهێزەكەی شەكر بە تووشبوون بۆ نەخۆشی شەكرە و قەڵەوی و چەندین كێشەی تەندروستی تر، گەلێك كەس دەتوانن كە ناڕەحەتییەكانی پەیوەست بە وازهێنان لە شەكر فەرامۆش بكەن و پاش ماوەیەك بە تەواوی لێیان رزگار بن. لە زۆربەی خەڵكدا ئەوە بەدی دەكرێت كە پاش وازهێنانی تەواو لە خواردنی شەكر، حەزی فیزیكی بۆ شیرینی لە ماوەی 3- 4 هەفتەدا كۆتایی دێت، بەڵام لە لایەنی دەروونییەوە بۆ لەبیركردنی حەزی شیرینی كاتێكی زیاتر پێویستە.
Top