میوە جیاوازەكان سوودی تەندروستيی هەمەچەشنیان هەیە، بۆ نموونە هەندێكیان رێژەیەكی بەرزی ریشاڵ لەخۆدەگرن، هەندێكیان بە ڤیتامین C و ماددە كارۆتینۆیدەكان دەوڵەمەندن كە ماددەی دژەئۆكسانن و رەنگی جیاواز بە میوە دەبەخشن. بەگشتی زۆربەی میوەكان سوودبەخشن، بێگومان میوەی تازە و فرێش هەردەم لە شیرەی میوە و میوەی قوتووبەند سوودبەخشترە.بەهەرحاڵ، باشترینی میوەكان ئەوانەن كە وزەیەكی كەم لەخۆدەگرن لەگەڵ رێژەی بەرز لە ریشاڵ، ڤیتامین، ماددە دژەئۆكسانەكان، پۆتاسیۆم، هەروەها خاوەن بەهایەكی خۆراكی بەرز و سوودی تەندروستيی زۆرن وەكو: هەنار كە بە ماددەی دژەئۆكسان باركراوە، كیوی كە بە ڤیتامین C و پۆتاسیۆم دەوڵەمەندە لەگەڵ بیتا كارۆتین و ریشاڵ، گرێپ فرووت كە بە ڤیتامین C دەوڵەمەندە، قەیسی كە سەرچاوەیەكی زۆرباشە بۆ ریشاڵ، تووتی مۆر Blueberries، مۆز كە سەرچاوەیەكی باشە بۆ پۆتاسیۆم، كاڵەك كە ڤیتامین A و C لەخۆدەگرێت، فەراولە كە پڕە لە ماددەی دژەئۆكسان، لالەنگی، ترێ، شووتی كە رێژەیەكی باشی پۆتاسیۆم و كارۆتینۆیدەكان Carotenoids لەخۆدەگرێت.