ئەگەرچی هەموو جۆرێكی سەوزە سوودبەخشە، بەڵام هەندێكیان زۆر دەوڵەمەندن بە ماددەی گرنگی وەكو ڤیتامین و كانزا و دژەئۆكسانەكان، بۆ نموونە كولەكەی زستانە، سڵقی سەوز، پەتاتەی شیرین، سپێناغ، پیاز، گێزەر، كەلەرم، برۆكۆلی. هەروەها بەگشتی وزەی كەم لەخۆدەگرن بۆیە زۆر گونجاون بۆ كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش و قەڵەوی لەگەڵ ئەم ماددە گرنگانە: ریشاڵ كە گرنگی زۆری هەیە بۆ كۆئەندامی هەرس و خۆپاراستن لە قەبزی، بیتا كارۆتین كە دژەئۆكسانە و لە لەشدا دەگۆڕێت بۆ ڤیتامین A، ڤیتامین A كە زۆر گرنگە بۆ كرداری بینین، ڤیتامین C كە بۆ بەهێزكردنی بەرگریی لەش پێویستە، ڤیتامین E كە سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە و خانەكان و بۆڕییەكانی خوێن لە نەخۆشی دەپارێزێت، ڤیتامین K كە پێویستە بۆ كرداری مەیینی خوێن، پۆتاسیۆم كە گرنگيی هەیە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن و فرمانی دەمارەكان، كالسیۆم كە پێویستە بۆ پتەوی ئێسك، ئاسن كە پێویستە بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن و گواستنەوەی گازی ئۆكسجین بۆ هەموو خانەكانی لەش، مەگنسیۆم، مەنگەنیز كە سوودی هەیە بۆ بەهێزكردنی ئێسك و ددان و هەڵمژینی كالسیۆم لە كۆئەندامی هەرسدا.