سێو چەندین ماددەی گرنگ لەخۆدەگرێت وەكو: ڤیتامینەكانی A، B1، B2، C، لەگەڵ كانزایەكانی كالسیۆم، پۆتاسیۆم، یۆد، ئاسن، فۆسفۆر كە زۆر پێویستن بۆ گەشەی منداڵ بەتایبەتی گەشەی ئێسك و ماسوولكە و خوێن و پێست و ئەندامەكان. رۆژانە خواردنی سێوێكی مامناوەندی بە توێكڵەوە كە تەنیا 95 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت منداڵەكەت لە قەڵەوی دەپارێزێت، كەچی پارچەیەك قەنادی نزیكەی 180- 270 كالۆری لەخۆدەگرێت. هەروەها سێو پڕە لە ماددەی دژەئۆكسان كە سوودی تەندروستی زۆریان هەیە، بۆ نموونە یارمەتی سستمی بەرگری لەش دەدەن بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی بەتایبەتی هەوكردنە ڤایرۆسییەكانی وەكو هەڵامەت و ئەنفلوەنزا. پێویستە كە منداڵ زوو فێری رێگاكانی پاكوخاوێنی ددانەكان بكرێت، خواردنی سێو گەلێك باشترە لە خواردنی قەنادی كە ئەگەری كلۆربوونی ددان زیاد دەكات، كەچی خواردنی سێو رێگایەكی كاریگەرە بۆ پاككردنەوە و پاراستنی ددانەكان لە كلۆربوون و بەهێزكردنی پووك. سێو یارمەتی جێگیربوونی ئاستی شەكری خوێن دەدات، ئەمەش بۆ تەندروستيی منداڵ گرنگی زۆری هەیە.