ئیفلیجبوونی لایەكی دەموچاو

ئیفلیجبوونی لایەكی دەموچاو
ئیفلیجبوونی دەماری حەفتەم یان ئیفلیجی بێڵ Bell’s palsy واتە ئیفلیجبوونی یان لاوازبوونی ماسوڵكەكانی لایەكی دەموچاو لەگەڵ هەستكردن بە تەزین یان سڕبوون، نیشانەكانی تر بریتین لە: ئازار لە دەوری گوێدا، لەدەستدانی توانا بۆ داخستنی تەواوی چاو لە لایە لاوازبووەكە، شۆڕبوونەوە یان خواربوونی دەم، هەستكردن بە قوڕسبوونی دەموچاو، گۆڕانێكی كەم لە چێژی خۆراكدا. هۆكاری تەواوی ئەم نەخۆشییە نەزانراوە، بەڵام لەوانەیە كە هەوكردن رۆڵی هەبێت. زۆربەی حاڵەتەكانی ئیفلیجبوونی دەماری حەفتەم كە رێژەیان دەگاتە 90% لەخۆیانەوە بێ چارەسەر بە تەواوی چاكدەبنەوە، لە هەندیك حاڵەتدا ماوەیەكی زۆر دەخایەنێت كە لەوانەیە بگاتە یەك ساڵ، لە هەندێك حاڵەتیشدا ئیفلیجی بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە بەتایبەتی لە كەسانی بەساڵاچوو كە فشاری خوێنیان بەرزە. هەنگاوەكانی چارەسەركردن بریتین لە: بەكارهێنانی فرمێسكی دەستكرد Artificial tears بە شێوەی دڵۆپی چاو لەگەڵ داپۆشینی چاو، بەكارهێنانی تێپ یان لەزگە بۆ داخستنی پێڵووی چاو لەكاتی نووستندا، بەكارهێنانی دەرمانە ستیرۆیدەكان Steroids بۆ كەمكردنەوەی ئاوسانی دەماری دەموچاو یان دەماری حەفتەم، بەكارهێنانی دەرمانی ئێش لابەر، مەساجكردنی دەموچاو و چەند مەشقێكی تایبەت بە دەموچاو، دەرزی خۆجێیی بۆتۆكس Botox لەوانەیە كە سوودبەخش بێت لە قۆناغی چاكبوونەوەدا بۆ كەمكردنەوەی جوولەی خۆنەویستانەی ماسوڵكەكانی دەموچاو.
Top