نەشتەرگەری لێزەری چاو Laser eye surgery بریتییە لە هەیكەلكردنی چینی كۆڕنیای چاو یان راستكردنەوەی شێوەی كۆڕنیا كە رووی چاوەكان دادەپۆشێت. بە مەبەستی راستكردنەوە كورتبینی Myopia، دووربینی Hypermetropia یان ئەستیگماتیزم Astigmatism. زیانە لابەلاكان و ئاڵۆزییەكانی پاش لێدانی لێزەری چاو بریتین لە: هەستكردن بە ناڕحەتی لە چاوەكاندا راستەوخۆ پاش نەشتەگەری، راستنەبوونەوەی تەواوی كورتبینی یان دووربینی، لێرەدا پێویستە كە دووبارە نەشتەرگەری لێزەر بۆ چاوەكان ئەنجام بدرێتەوە، وشكبوونی چاو Dry eyes كە پێویست بە بەكارهێنانی دڵۆپی تایبەت دەكات، هەوكردن ئەگەرچی زۆر بە كەمی روودەدات بەڵام پێویستە كە دەرمانی دژەژی یان دژەمیكرۆب وەكو خۆپاراستن لەپاش لێدانی لێزەر بەكاربهێنرێت، تەنكبوونی لە رادەبەدەری چینی كۆڕنیای چاو كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری گەڕانەوەی گرفتەكەی چاو، بۆیە نەخۆش پێویستی بە هاوێنەی لكاو یان دووبارە لێدانی لێزەر دەبێت، پەیدابوونی ئاسەوار لەسەر چینی كۆڕنیادا كە پێویست بە دووبارە لێدانی لێزەر دەكات، هەستیاربوونی چاو بە تیشكی بەهێز و ڕووە بریقەدارەكان، ئەمەش لەوانەیە كە لێخوڕینی ئۆتۆمبیل تا رادەیەكی زۆر زەحمەت و مەترسیدار بكات، هەروەها لێڵبوونی بینین Blurred vision یان بینینی ئەڵقەی رووناكی ناساف.