ئەگەر ماوەیەكە دوچاری قەڵەوی بوویت، بە چەندین هەوڵی جۆراوجۆر لە ریجیم و مەشقی وەرزشی و بەكارهێنانی دەرمان نەتوانیت كە كێش دابەزێنیت، نەشتەرگەری دەبێتە تاكە رێگای چارەسەركردن. ئەمە راستییەكی زانستییە كە هەموو جۆرەكانی نەشتەرگەری بۆ چارەسەركردنی قەڵەوی ئەگەری زیان و ئاكامی خراپیان هەیە. بەگشتی ئەو كەسانەی كە پێویستییان بە نەشتەرگەری هەیە بۆ چارەسەركردنی قەڵەوی ئەوانەن كە بۆ ماوەی 5 ساڵ زێترە قەڵەون، تێكڕای بارستایی لەشیان BMI زیاترە لە 40 كگم \ م2، دوچاری گرفتێكی تەندروستی مەترسیداری پەیوەست بە قەڵەوی بوونەتەوە وەكو هەناسەتەنگی لەكاتی خەودا Sleep apnea، نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، نەخۆشیی شەكرە. بە پێی جۆری نەشتەرگەری، زۆربەی تووشبووان نزیكەی 30- 80% ی كێشی زیادیان نامێنێت، بەڵام هەندێكیان پاش نەشتەرگەری بە ماوەیەك دووبارە كێشیان زیاد دەبێتەوە یان دوچاری ماكەكانی نەشتەرگەری دەبنەوە، هەندێك جۆری نەشتەرگەیش دەبێتە هۆی كەمی ماددە خۆراكییە گرنگەكان. نەشتەرگەری بۆ چارەسەركردنی قەڵەوی یان بە نەشتەرگەری كراوەی سك یان بە پێنۆڕی سك Laparoscopiy ئەنجام دەدرێت.