ئەم نیشانانە فەرامۆش مەكە

ئەم نیشانانە فەرامۆش مەكە
لەكاتی سەرهەڵدانی یەكێك یان پتر لەم نیشانانە لە پیاو و ئافرەتدا كە لەوانەیە مانای نەخۆشی مەترسیدار بگەیەنێت پێویستە كە بە زووترین كات سەردانی دكتۆر بكرێت، نیشانەكان بریتین لە: هەستكردن بە گرژی یان قورسبوون لە زمان كە ببێتە ئەگەری گرفت لە دەربڕینی پیت و وشەكان لەكاتی قسەكردندا لەوانەیە كە رووبدات لە ئەنجامی جەڵتەی مێشك لەگەڵ هەستكردن بە گێژبوون و چەندین نیشانەی دیكە، هەناسەڕاوكێ بەتایبەتی لەپاش جووڵە یان سەركەوتنی قاڵدرمە لەوانەیە رووبدات لەبەر كەم گەیشتنی ئۆكسجین بە ماسوولكەی دڵ لە ئەنجامی تەنگبوونەوەی یەكێك یان پتر لە خوێنبەرەكانی تاجیی دڵ واتە رەقبوونی خوێنبەرەكە بە جۆرە باوەكەی نەخۆشیی دڵ ناسراوە، ئازارێكی بەردەوام لە یەك لای سكدا كە بەلای كەم بۆ ماوەی 3 رۆژ بەردەوام بێت لەوانەیە كە مانای گرفت لە گورچیلە بگەیەنێت بە شێوەی بەرد یان شێرپەنجە، بوونی خوێن لەگەڵ میز یان لەگەڵ پیساییدا گەلێك جار لە ئەنجامی شێرپەنجەدا روودەدات، بۆ نموونە شێرپەنجەی میزڵدان یان بەردی گورچیلە یان شێرپەنجەی قۆڵۆن، لاوازی سێكسی لە پیاودا زۆر جار وەكو زووترین و یەكەمین نیشانەی نەخۆشی لە خوێنبەرەكانی دڵ خۆی دەنوێنێت، لە دوایین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە تووشبووان بەم گرفتە لە تەمەنی 50-40 ساڵیدا لەوانەیە كە تەنیا 5-2 ساڵ دووربن لە تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی لە كاتی رۆژدا، هەستكردن بە دڵتوندی بەبێ هۆكارێكی دیار، زوو زوو میزكردن، زەردهەڵگەڕانی پێست و گرێی سوور لە پێستدا.
Top