سۆنار رێگایەكی سەلامەت و بێ ئازارە بۆ دەستنیشانكردن، سۆنار بەتایبەتی لەكاتی دووگیانیدا گرنگە بۆ چاودێریكردنی گەشەی كۆرپە لەناو منداڵداندا، لەگەڵ وێڵاش یان هاوار Placenta. ئەم پشكنینە تەنیا 30 خولەك دەخایەنێت و زۆر پێویستە كە ئافرەتی دووگیان هەر لە 3 مانگی سەرەتای دووگیانیدا پشكنینی سۆنار ئەنجام بدات بە مەبەستی دیاركردنی تەمەنی كۆرپە، ژمارەی كۆرپە، شوێنی یان پۆزیشنی وێڵاش. سۆنار لەكاتی دووگیانیدا ئەم شتانەمان نیشان دەدات: لێدانەكانی دڵی كۆرپە، قەبارەی كۆرپە بە پێی مانگەكانی دووگیانی واتە قەبارەی كاسەی سەر و ئێسكی ران، دیاركردنی شوێنی كۆرپە یان چۆنییەتی كەوتنی لەناو منداڵداندا، دەستنیشانكردنی جمك، دیاركردنی رەگەزی كۆرپە لە 3 مانگی ناوەڕاستی دووگیانی و بەسەرەوە، پێوانەكردنی شلەی ئەمنیۆنی دەوری كۆرپە، دیاركردنی شوێنی وێڵاش، دەستنیشاكردنی سەقەتی جەستەیی كۆرپە. چەندین جار دووبارەكردنەوەی پشكنینی سۆنار لەكاتی دووگیانیدا هیچ زیانێك بە دایك یان بە كۆرپە ناگەیەنێت.