یەكێك لە گرفتەكان كە لە كەسانی رووەكیدا روودەدات بریتییە لە كەمیی ڤیتامین B12، چونكە خۆراكێكی رووەكی نییە كە رێژەیەكی باش و نەگۆڕی ڤیتامین B12 لەخۆبگرێت كە لەش بتوانێت سوودی لێوەربگرێت تەنیا ئەو جۆرە بەرهەمە رووەكییانە نەبێت كە بە كرداری هەوێنبوون Fermentation یان بە كرداری تر مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت. سەرچاوە سەرەكییەكانی ئەم ڤیتامینە بریتین لە خۆراكی ئاژەڵی وەكو: گۆشت، پەلەوەر، ماسی، هێلكە، شیر، ماست، پەنیر. گەلێك جۆری بەكتریا لەناو گڵدا توانای دروستكردنی ڤیتامین B12 یان هەیە وەكو ئەو بەكتریایەی كە لەناو ریخۆڵەی مرۆڤدا دەژی و ڤیتامین دروست دەكات، لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا خۆراكی رووەكی بە تەنیا نابێتە سەرچاوەیەكی تەواو بۆ ڤیتامین B12. ئەو كەسانەی كە بە سووكی رووەكین، واتە لە خۆراكی ئاژەڵی تەنیا هێلكە و بەرهەمەكانی ئەلبان دەخۆن لەوانەیە كە دوچاری كەمی ڤیتامین B12 نەبنەوە، بەڵام ئەو كەسانەی كە لە لایەنی خۆراكەوە رووەكی تەواون Strict vegan ئەوا پێویستە كە ئەو خۆراكانە بخۆن كە بە ڤیتامین B12دەوڵەمەند كراون لە پیشەسازی خۆراكدا وەكو هەندێك جۆری دانەوێڵە و نان و خەمیرە یان بەرهەمەكانی سۆیا وەكو بێرگەری سۆیا Soya burger. هەروەها دەتوانێت كە ڤیتامین B12بە شێوەی دەنك یان حەبی بن زمان یان بە شێوەی دەرزی لەژێر رێنمایی دكتۆردا وەربگرێت.