نەخۆشی پاركینسۆن

نەخۆشی پاركینسۆن
نەخۆشی پاركینسۆن Parkinson’s disease دووەم باوترین نەخۆشییە لەپاش نەخۆشی ئەلزهایمەر كە دوچاری كۆئەندامی دەماری مەركەزی دەبێت و ماددەی دۆپامین Dopamine لە مێشكدا كەم دەبێتەوە. نەخۆشی پاركینسۆن كاریگەری دەكاتە سەر دەمارەخانەكانی ناوەڕاستی مێشك كە بەرپرسن لە جووڵەی ماسوولكەكان، دەرئەنجام نیشانەی وەكو دەست لەرزین Tremor و لەرزینی بەشی دیكەی لەش یان ڕەقبوون و تێكچوونی باڵانسی لەش پەیدا دەبن. نیشانەكان بە تێپەڕبوونی كات بەرەو خراپتر دەچن و پاشان تووشبوو دوچاری لاوازبوونی هزر و بیر دەبێت لەگەڵ گرفت لە قسەكردندا، گرفت لە قووتدانی خواردن و خواردنەوەدا، خاوبوونەوەی جووڵە، دڵتوندی، تێكچوونی خەو. بەگشتی پیاو زیاتر لە ئافرەت تووشی نەخۆشی پاركینسۆن دەبێت، هۆكارەكانی تووشبوون بریتین لە: بوونی مەیلی زگماكی بەتایبەتی لە كەسانی پلە یەك وەكو دایك و باوك و منداڵ و نەوەكان بە رێگای جینێك بە ناوی LRRK2، زیاد رووبەڕووبوونەوە بە ماددە كیمیاییەكان بەتایبەتی بكوژی مێروو Pesticides و بكوژی گیای زیانبەخش Herbicides. بەكارهێنانی هەندێك دەرمان بۆ ماوەیەكی زۆر وەكو پلاسیل Plasil، دیپاكین Depakene، هالۆپێریدۆل Haloperidol، كلۆرپرۆمازین Chlorpromazine دەبێتە هۆی پەیدابوونی چەندین نیشانەی نەخۆشی پاركینسۆن، بەڵام پاش راگرتنیان ئەم نیشانانە نامێنن و باری تەندروستی ئاسایی دەبێتەوە. چارەسەركردنی نەخۆشی پاركینسۆن بە دەرمان دەستپێدەكرێت، لەكاتی كۆنترۆڵ نەبوونی نیشانەكان بە دەرمان چارەسەری ئەلتەرناتیڤ بریتییە لە نەشتەرگەری بە جێگیركردنی پەیس مەیكەرPacemaker لە قووڵایی مێشكدا.
Top