. سەرچاوە شاراوەكانی كافائین

.     سەرچاوە شاراوەكانی كافائین
هەموومان دەزانین كە قاوە كافائین لەخۆدەگرێت، بەڵام گەلێك سەرچاوەی دیكەی شاراوەی كافائین هەیە كە زۆر كەس دركیان پێناكات بەتایبەتی ئەوانەی كە دەیانەوێت بڕی كافائینی رۆژانە كەم بكەنەوە. رێژەی بەرزی كافائین كە زێتر بێت لە 600 ملگ لە رۆژێكدا دەبێتە ئەگەری خەوزڕان، ناڕەحەتیی دەروونی، تووڕەبوون، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ و ناڕەحەتی گەدە. بە ناسینی سەرچاوە شاراوەكانی كافائین دەتوانیت بڕی رۆژانەی كافائین دیار بكەیت. شوكولاتە Chocolate یان هەر خواردنەوەیەك كە شوكولاتە لەخۆدەگرێت Chocolate drink لەوانەیە كە رێژەیەك كافائینیان تێدابێت، ئەگەرچی رێژەیەكی كەمیش بێت ئەوا دەبێتە مەسەلە بۆ ئەو كەسانەی كە پارێز لە كافائین دەكەن، بۆ نموونە پارچەیەك شوكولاتەی تاریك Dark chocolate نزیكەی 31 ملگم كافائینی تێدایە، هەروەها پارچەیەك شوكولاتەی ئاسایی نزیكەی 9 ملگم لەخۆدەگرێت كە یەكسانە بە بڕی كافائین لە كوپێكی 275 میللیلیتری كاكاو. مژمژەكانی خۆشكردنی بۆنی دەم Breath Fresheners یان بنێشت و دەنكی نەعناع لەوانەیە كە بڕێك كافائین لەخۆبگرن، بۆ نموونە لەوانەیە كە بڕی كافائین لە دانەیەكی هەندێك بنێشتدا Gum stick بگاتە 33 ملگم. كرێم و ساردەمەنییە فریزبووەكان لەوانەیە كە شوكولاتە یان قاوە لەخۆبگرن كە بڕێكی دیاریكراویان لە كافائین تێدایە، بۆ نموونە لەوانەیە كە ئایس كرێمێكی قاوە 58 ملگم لەخۆبگرێت. خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks بە رێژەی بەرزی كافائین باركراون، بۆ نموونە قوتووێكی ڕێد بوڵ Red bull نزیكەی 80 ملگم كافائین لەخۆدەگرێت. هەندێك دەرمان بەتایبەتی هەندێك دژەئازارەكانی سەرئێشە و شەقەسەر كافائین لەخۆدەگرن كە رێژەكەی لە هەندێك دەنكدا وەكو دەنكی ڤیڤارین Vivarin و نۆدۆز NoDoz دەگاتە 200 ملگم.
Top