چۆن كێشی دروستی خۆت دەزانیت؟

چۆن كێشی دروستی خۆت دەزانیت؟
زیادبوونی كێشی لەش یان قەڵەوی واتە زیادبوون یان كۆبوونەوەیەكی نائاسایی چەوری لەناو شانە چەورییەكاندا كە كاریگەری خراپ دەكاتە سەر تەندروستی. پێوانەكردنی تێكڕای بارستایی لەش Body mass index باشترین رێگەیە بۆ زانینی كێشی دروستی خۆت، تێكڕی بارستایی لەش بریتییە لە دابەشكردنی كێش بە كیلۆگرام بەسەر درێژی باڵا بەمەتر توان دوو. تێكڕای بارستایی لەش كەمتر لە 20 كگم/ مەتر2 واتە كێشی كەم، 20- 25 كگم/مەتر2 واتە كێشی دروست و تەندروستییانە، 25- 29.9 كگم/مەتر2 واتە كێشی زیاد كە هێشتا نەكەوتۆتە ناو سنووری قەڵەوییەوە، تێكڕای بارستایی لەشی پتر لە 30 كگم/مەتر2 واتە قەڵەوی، 30- 35 كگم/مەتر2 واتە قەڵەوی كلاسی یەكەم، 35- 40 كگم/مەتر2 واتە قەڵەوی كلاسی دووەم، پتر لە 40 كگم/مەتر2 واتە قەڵەوی كلاسی سێیەم یان خراپترین پلەی قەڵەوی. بۆ زانینی كێشی دروستی منداڵان پێوانەی تێكڕای بارستایی لەش گونجاو نییە، بەڵكو خشتەی ستانداردی تایبەت بە گەشەی منداڵ هەیە. هەروەها پێوانەی چێوەی كەمەریش تا راددەیەكی زۆر جێگەی متمانەیە بۆ دیاركردنی كێشی زیاد و قەڵەوی لە پیاو و ئافرەتدا، بۆ نموونە چێوەی كەمەر ئەگەر پتر بێت لە 102 سانتیمەتر بۆ پیاوان و پتر بێت لە 88 سانتیمەتر بۆ ئافرەتان مانای قەڵەوی دەدات.
Top