ژووری چێشتخانە، جگە لەوەی شوێنێكە بۆ ئامادەكردنی خواردن، هەروەها هێمای پاك وخاوێنی و لێهاتوویی خانمانی ماڵە، تا چەند ژووری چێشتخانە پاك و ناوازە بێت، هێندە هەست و خرۆشت بۆ ئەو ژوورە بەرز دەبێت و سەلیقەت بۆی دەكرێتەوە، پسپۆڕان بە مەملەكەتی پاك و خاوێنیان داناوە، پسپۆڕانی گۆڤاری (پیۆر واو) دەربارەی ژووری چێشتخانە دەڵێن: چەندین هۆكار هەن كە جوانیی ژووری چێشتخانە تێكدەدەن، لەوانە: رووناكیی خراپ، كاتێك دیكۆری ژووری چێشتخانە بەرز و لە كەرەستەی نەگونجاو بن، یان تاریك و رووناكییەكی كزیان هەبێت، تەواوی جوانی دیكۆرەكە ون دەبێت، دانانی كەرەستەی گەورە لە ژووری چێشتخانە كە هەمیشە ژوورەكانی چێشتخانە بچووكن، كێشەیەكی دیكەی تێكدانی ژووری چێشتخانەیە، ناكرێت مێزێكی گەورە لە ژوورێكی بچووك دابنێت، چونكە تەنگەبەر دەبێت و دیكۆرەكەش دەشێوێنێت، هەوڵ مەدە دیوار و بەرگی كەرەستەكان بكەیتە تابلۆ و وێنە، چونكە ئەوەش دیكۆری سادەی چێشتخانە تێكدەدات، دەكرێت وێنە و كەرەستە هەڵبواسیت، بەڵام هێندە نەبێت كە دیكۆرەكە تێكبدات، هەوڵبدە كەرەستەكان لە شوێنی خۆیان بن، هەروەها بەش و لقەكانیان دیار نەبن، وەك وایەر و سۆندەی كەرەستەكان، سەتڵی زبڵەكانیش نابێ دیار و بەرچاو بن، بەڵكو با شوێنیان شاراوە بێت، گرنگترین فاكتەری تێكدانی ژووری چێشت، بۆنی ژوورەكەیە، بۆیە هەوڵبدە هەمیشە بۆنی ژوورەكەش خۆش بێت.