پەیكوڵی مۆنۆمێنتێكی گرنگی حەوتەم پادشای ساسانییە كە ناوی (نرسێ) بووە كە دەكەوێتە نزیك گوندی (بەركەل) لە قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی و لە نێوان ٢٩٣-٣٠٢زایینی فەرمانڕەوایەتی كردووە، گرنگیی پەیكوڵی لەوەدایە كە لەسەر دیوارەكانی نووسراو بە هەردوو زمانی پەهلەوی ئەشكانی و فارسیی ناوەڕاست نووسراوە، بە یەكێك لە درێژترین دەقەكانی ئەو زمانانە دادەنرێت كە تا ئێستا دۆزرابێتەوە. شوێنەواری پەیكوڵی نەك تەنیا هەر لە كوردستان، بەڵكو بە یەكێك لە شوێنەوارە دەگمەن و گرنگەكەنی ناوچەكە و جیهانیش دادەنرێت. پادشای ساسانی ئەم مۆنۆمێنتەی لەسەر رێگەی پایتەختی ساسانیەكان (تەیسەفون-مەدائین) و شاری ئایینی (شیز) لە هەرێمی ئازەربایجان بونیاد نابوو، بۆ ئەوەی هەموو رێبواران بتوانن بیبینن. مۆنۆمێنتەكە كۆشكێكی چوارگۆشەی ١٠ بە١٠ مەتر چوارگۆشە بووە، كە لەسەر هەر روویەكی پەیكەرێكی پادشا دانرابوو، دیوارە نووسراوەكانی چەندین بلۆكی بەردین بوون كە هەندێكیان ون بوون، ئەو بەردانەشی كە نووسراویان لەسەر بووە، ئێستا لە مۆزەخانەی سلێمانی پارێزراون. لە ساڵی (٢٠٠٦)ـەوە تیمێكی شوێنەوارناسی ئیتاڵی كار لەسەر ئەم شوێنەوارە مێژووییە دەكەن، ماوەیەك پێش ئێستا چەند بەردێكی نوێیان تێدا دۆزییەوە و نووسینەكانی سەر بەردەكانیش باس لەو رووداوە دەكەن كە لە ساڵی ٢٩٣ زایینی نەرسێ توانی شۆڕش بە سەر بەهرامی سێیەمدا بكات، كە ماوەیەكی كەم بوو دەسەڵاتی پادشایی گرتبووە دەست و بەوەش نەرسێ خۆی بووە پادشای ساسانی.