شێواز و مۆدی جلوبەرگی كوردی بۆ ساڵی (2019)

شێواز و مۆدی جلوبەرگی كوردی بۆ ساڵی (2019)
جلوبەرگی كوردی، جگە لەوەی هێما و جلی نەتەوەییمانە، هاوكات لەلایەن دیزاینەران و بەرگدرووانی كوردستانەوە وێڕای ئەوەی پارێزگارییان لە شێوازە رەسەنەكەی كردووە، بەڵام مۆدی تازە و ناوازە دەهێنرێتە كایەوە، ئەویش تەنیا بە چەند گۆڕانكارییەك لە جل و پارچەكاندا ستایلێكی تازە بۆ هەر ساڵ و وەرزێك ئامادە دەكەن، دیزاینەر و بەرگدرووی جلی كوردی (ئەسعەد خەیات) كە كارەكانی بوونەتە جێگەی سەرنجی هەمووان، دەربارەی جلوبەرگی ئەمساڵ (2019) دەڵێ: جلەكانی ئەمساڵ جیاوازترە لە ساڵانی پێشوو، یەكێك لەو مۆدانە جلوبەرگی شاجوانان بوو، كە ئەو ستایلە بە جلی شاجوانی بەناوبانگە، وەك دەزانین جلی كوردی لە چوار پارچە پێكدێ، كە بریتین لە: كراس و كەوا و ژێركراس، دەرقاچە، بەڵام ئێمە كردمان بە یەك پارچە، وەك كراس و كەواكە بە یەكەوە بدوورین، كە یەك پارچە نیشان بدات، لەهەمان كاتدا دوو پارچەن كە بە یەكەوە ئامادەكراون، ئەم شێوازەمان كە تایبەت بۆ بڵاوكردنەوە لە گۆڤاری گوڵان ئامادە كردووە، ئەو شێوازەیە كە بە كەوا بەناوبانگە، كەوایەكی مۆدێرنە و شێوازەكەشی لە مۆدی پێشووی كولتووری كوردی وەرگیراوە، وەك دەزانین كولتوورێكی دەوڵمەندەمان هەیە و بە سوودوەرگرتن لە شێوازەكانی پێشوو مۆدە تازەكان دەهێنینە كایەوە، ئەو كەوایە لەگەڵ پێشوو جیاوازە یاخەدارە و ملیوانی هەیە، هەروەها پشتێن و كەمەریشی هەیە، لەو شێوازە جلەدا خشڵ و ئێكسسواری ناوێت، چونكە ئێمە ئۆیەمان لە رەنگی زێڕین لەلای ملیوانەكەی داوە، كە كارێكی خێرایە و پێویست بە جوانكاری ناكات، واتە خشڵەكان لە خۆیەتی، بەم چەشنە مۆدێكی ناوازە و شایستەمان بۆ جلی كوردی و بۆ ئەمساڵ ئامادە كردووە.
Top