جلی دەرەوە كێشەیەكی گەورەی ئافرەتانە، بەو پێیەی هەموو كاتێك بەر لە دەرچوونیان خەریكی تاقیكردنەوەی چەندین جلوبەرگن، تا جلێكیان بۆ دەرچوون و دەرەوە بە دڵ دەبێت، چونكە جلەكانیان زۆرن و دوودڵییش لە هەڵبژاردنی جلەكاندا كێشەیەكی دیكەیە، بە هاتنی وەرزی زستانیش، ئەگەرچی گۆڕانكاری لە كەشوهەوا دەكرێ و دنیا سارد دەبێ، مۆد و شێوازی جلەكانیش گۆڕانكارییان بەسەردا دێ، ئەمە جگە لەوەی كە خانمان هەمیشە ئاواتیانە جلەكانیان بەپێی وەرز و كاتەكان بێ و لەگەڵ مۆدی تازەوە بڕۆن، (ماریان ئابیگل)، لە گۆڤاری ئیلی ئەڵمانی لەسەر مۆدی جلی دەرەوە و دەرچوون نووسیویەتی: خانمان لە زستاندا، جلی زۆر لەبەر دەكەن، ئەوەش كاریگەری دەكاتە سەر شێوازی رۆیشتن و جوانیی لەشولاریان دەشارێتەوە، بەڵكو جوانترین جل بۆ ئەو وەرزە، بلووزێكی گەورە و پانتۆڵە، كە پانتۆڵەكە دەكرێ لە جینز یان قوماش بێت، هەروەها لەبەركردنی قاتە چاكێتێكی درێژیش بە مەرجێك لەسەر چۆكەوە درێژتر نەبێ، مۆدێكی نایابی لێی دەردەچێ، جوانتریش دەبێ ئەگەر چاكێتە بە دوگمەی گەورە و نەخشێكی بچووك رازاوە بێت، هەروەها ئەگەر پانتۆڵیكی قوماشیان هەڵبژارد، با پانتۆڵەكە سادە و لە رەنگی تۆخ بێت وەك: قاوەیی، رەساسی، ئەگەر جینزیش بوو، دەكرێ مۆدی جۆراوجۆر بێت، كە لە لیزەر و نەخشی سەر رانەكانی رازاوە بێت، بەم چەشنە مۆدێكی شیكت بۆت دەردەچێت.