دامە یارییەكی بەجۆش و فیكری لە نێو كوردەواریدا
March 6, 2017
رەنگا و ڕەنگ
پێكهاتەی دامە، لە (16) پوول، یان بەرد بووە، كە بە دوو ریزی ستوونی و ئاسۆیی و هەر ریزێك لە (8) خانە پێكدێت، دوو یاریزان بەرامبەر یەكتر یاری دەكەن، ناوی داما لەلایەن ئینگلیزەكان (draughts) و بە زمانی ئەمریكی و كەنەدییش (checkers). كوردەواری خۆمانیش خۆیان لەو یارییە بێبەش نەكردووە و باو و باپیرانمان، لە دیوەخان و ئەو شوێنانەی كۆدەبوونەوە، ئەو یارییەیان دەكرد، لێهاتووش سەركەتووی هەمووان بووە و دامەی بەرنەداوە، واتە ئەوەی هاتۆتە بەرامبەری پشتی بە زەویدا داوە. گرتە ڤیدیۆیەكی مامە پیرەیەك بە ناوی (مام عەزیز) بڵاوبوویەوە، كە لە ئۆینێكدا، هەموو بەردەكانی بە یاریزانی بەرامبەری دەدا، لە كۆتاییدا بە یەك بەرد هەموو بەردەكانی ئەو دەخوات و یارییەكەش دەباتەوە، بەڵام ئێستا لەلایەن كۆمەڵێك گەنجەوە پەرە بە یاری دامە دەدرێت و هەزاران و بەڵكو ملیۆنان ئۆینی تازەیان لە نێو دامەدا پەیڕەو كردووە، یەكێك لەوانە ناوی (موحەمەد ئیبراهیم محمدئەمین)ـە كە لەدایكبووی ساڵی (1986)ـەو یەكێكە لە یاریزانە بەهرەمەندەكانی یاری دامە لە سەرتاپای كوردستان، كە توانیویەتی لە زۆربەی یاریزانانی ناوخۆ و دەرەوە بباتەوە و تەنانەت لەو مامە پیرەشی بردۆتەوە كە ڤیدیۆكەی بڵاو كرایەوە، موحەمەد جگە لەوەی یاریزانێكی لێهاتووی دامەیە، هەروەها دەڵێ: دامە یارییەكی فیكری و مەعنەوی و بۆ بیركردنەوەیە، لەلایەن عوسمانەكانەوە دامە بۆ كوردستان هاتووەو هاوشێوەی شەتڕەنجە، سەرچاوەی ئەو یارییە هەندێ جار دیار نییە، بەڵام توركیا خۆی بە خاوەنی ئەو یارییە میللییە دەزانێت، ساڵانە چەندین خول لە وڵاتان دەكرێنەوە و یاریزانانی كوردیش بەشداری تیایدا دەكەن، لە دامەدا، زیاتر دەبێ ئۆینی جوان و پڕ بیرۆكەت هەبێت و حیسابی دوای جوڵاندنی بەردێك بكەیت، گرنگ ئەوەیە بتوانیت كۆنتڕۆڵی یارییەكە بكەیت و ئاغای خۆت هەبێت و هەروەها بتوانی هێرش بكەیتە سەر یاریزانی بەرامبەرت و ئۆینەكانی دامەش بە ژمارە نایەن و دەگاتە ملیۆن ئۆینی جۆراوجۆر، چەندین یاریزانی لێهاتوومان هەن وەك: (نزار و خالید سلێمان و شاخەوان كەركووكی)، بە گوێرەی ستانداردی جیهانی كاتی دامەكردن (100) خولەكە، واتە كاتژمێرێك و (40) خولەك، لە دوای كۆتاییهاتنی كاتەكە، كامە یاریزان باشتر گەڕابوو، واتە یاری كردبوو، سەركەوتن بۆ ئەو دەبێت.
