خەنە و خەنەبەندان

خەنە و خەنەبەندان
كورد بە خەنەبەندانەكەیەوە بەناوبانگ بووە. ئەگەرچی تا ئێستا نازانرێ خاوەندارێتی خەنەبەندان كوردە، یان عەرەب و فارسە، بەڵام بەپێی زانیاری مێژووناسانەوە بۆنەیەكی كوردی بووە و دواتر لە نەتەوەكانی دیكەدا چاولێكەری كراوە و بەكارهاتووە. خەنە لەدەستدان و خەنەبەندان ئەو رۆژە تایبەتەیە كە كچی بە دەستگیراندار، بەر لە شەوی زەماوەند لەگەڵ دەستەخوشكان و هاوڕێیان و خزمانی كۆدەبنەوە، خەنەش دەهێنرێت و لە ناولەپی بووك و سەر و پرچ دەدرێت، تا لەو رۆژەوە خۆشی و شادی رووی تێبكات، جگە لەوەی ئافرەتانیش چ لە دەستیان بدەن، یان پرچیانی پێ رەنگ بكەن. خەنە جۆرە دارێكی سرووشتییە كە رووەكێكە لە پێكهاتەكەیدا ماددەی كیمیاوی تێدا نییە و بۆنێكی سرووشتی خۆشی هەیە، جگە لەوی رەنگێكی سوور بە قژ دەبەخشێ و خاویشی دەكاتەوە. جاران ئافرەتانی كورد بە مەبەستی جوانی و خۆڕازاندنەوە دەست و روخساریان دەكوتی، كە ئەوەش بۆ ماوەیەكی زۆر دەمایەوە و لێنەدەچوو، بەڵام دواتر سوودیان لە خەنە بینی كە بۆ ماوەیەك دەمێنێت و دەڕوات، ئینجا لێدانی خەنە شێوازی جۆراوجۆری هەیە، هەندێكیان لە شێوەی نەخشی سەر دەست، هەندێكی دیكەش لەسەر جەستە و ناو لەپی دەست دەدرێت، هەندێ جاریش بۆ نووسینی ناوی خۆشەویستان و ئازیزان لە دەست و مەچەك دەدرێت. تا ئێستاش لە كوردستان خەنەبەندان دەكرێ و ئافرەتانیش سوود لە رەنگ و بۆنی خەنە وەردەگرن بە مەبەستی جوانی، سوودەكانی خەنە بریتییە لەوەی كە هیچ زیانێك بە قژ ناگەیەنێت، لە رووی پزیشكیشەوە بۆ چارەسەری پێست لە قلێشان و چرچ و لۆچ بوون بەكاردەهێندرێت، تەنانەت كاتێك لە پرچیش دەدرێت، ئافرەتان هەست بەوە دەكەن كە قژیان لە هەڵوەرین دوور دەكەوێتەوە. خەنە دارێكی بچووكی كورتە و لقەكانی بڵاون، پەڵكەكانی لێدەكرێنەوە و پاشان وشك دەكرێتەوە، دواتر ورد دەكرێت و دەبێـتە وردە تۆزێكی سەوز لە ناو كیس دادەنرێت، ئەو تۆزە لەگەڵ ئاو تێكەڵ دەكرێت و پاشان تێكدەدرێت تا دەبێتە هەویرێكی شل و لووس، دواتر لە تاڵ بە تاڵی پرچ دەدرێت تا ماوەی (2 تا7) كاتژمێر دەمێنێتەوە بە پرچەكەوە، تا بە جوانی رەنگەكەی بگرێـت، پاشان بە ئاوی شلەتێن دەشۆردرێت، ئەوە جگە لەوەی بە شێوەی نەخش و شێوەدار بۆ رازاندنەوەی دەست و مەچەكیش بەكاردەهێنرێت، ئەگەر چی لە ئێستا ئەوەندە باوی خەنە نەماوە، بەڵكو بۆتە تاتوو، بەڵام جوانی و نەخشی خەنە لە تاتوو دیارترە و سوودیشی بۆ پێست هەیە بەرامبەر بە تاتوو كە زیان و ئازار و ژانیشی هەیە.
Top