جلێكی شیك بۆ رۆژانی جەژن هەڵبژێرە

جلێكی شیك  بۆ رۆژانی جەژن هەڵبژێرە
رۆژی جەژنە و گەورە و بچووك خۆیان پۆشتە و جوان دەكەن، تا بۆ پێشوازی لە ئەندامانی ماڵ و میوانان ئامادە بن، كە بۆنەیەكی گشتییە و هەمووان بە جوانترین شێوە جلێكی ناوازە لەبەر دەكەن، تۆش وەك كچ و خانمێكی ماڵ، ئەگەرچی لەو رۆژەدا خەریكی پێشوازی و ئامادەكاری بۆ جەژن دەبیت، هەروەها پێویستە خۆشت رازاوە بكەیت، تا وەك شاژنێك دەربكەویت. بەڵام زۆربەی ئافرەتان لەو رۆژەدا سەرلێشێواو دەبن لە هەڵبژاردنی جلێكی پۆشتە و شیك، هەر بۆیە (دیمە عەیاد) كە پسپۆڕێكی جوانكارییە، چەند رێنماییەك بۆ جلی جەژن دەخاتەڕوو، تا خانمانیش بتوانن لەسەر ئەو رێنماییانە جلێكی شیك بۆ رۆژی جەژن هەڵبژێرن:
- بۆ ئەوانەی حەز بە پۆشینی جلی كوردی دەكەن، لەو رۆژەوە و لە بەرەبەیانی جەژنەوە جلە كوردییەكەت لەبەر بكە و ماكیاژێكی نەرمیشی لەگەڵدا بكە، ئەو رەنگانەی بۆ جلی كوردی لەو رۆژەدا ناوازەن، رەنگی شین و سەوز و شەكەری و سوور نایابترین رەنگی جلی كوردییە، بۆ ئەوانەشی حەز بە جلی كاجواڵ و بیانی دەكەن، پێویستە پێشتر جلەكەت هەڵبژاردبێت، بەڵام هەوڵبدە لە رەنگی رەش بە دوور بیت.
- گرنگە جلی رۆژی جەژن لە قوماشێكی نەرم و فراوان بێت، تا لەو رۆژە بە سانایی جوولە و هاتوچۆ بكەیت، بەتایبەت بۆ دانیشتن لەگەڵ میوانان، هەروەها لەگەڵ كەش و هەوای ئەو رۆژەش گونجاو بێت، واتە جلێكی تەنك ئەگەر كەشەكە گەرم بوو، پێچەوانەشی دروستە.
- ئەگەر نیازت وایە لە ماڵ بیت، وا چاكە كراسێكی درێژ، یان عەزی هەڵبژێریت، یان دەتوانی تەنوورە لەبەر بكەیت، ئەگەر نیازی دەرچوونیشت هەیە، وا چاكە كراسێك، یان بۆدیەك لەگەڵ پانتۆڵ و جینز لەبەر بكەیت، هەوڵبدە جلەكەت لە رۆژانی جەژن دووبارە نەبن.
- ئێكسسوارەكان لە بیر مەكە، دەستە ئێكسسوارێكی شیك هەڵبژێرە، مەرجە ملوانكە و گوارە و بازنی لەگەڵدا بێت، بەڵام زێدەڕۆیی مەكە لە ئێكسسواری زۆر، بەڵكو بە پێی پێویست بێت.
- وا جوانە رەنگی جل و بەرگی جەژن، رازاوە و بە بریقە و رەنگاوڕەنگ بن، دوودڵ مەبە لە هەڵبژاردنی رەنگی جلەكەت، بەڵكو وا چاكە رەنگی جلت رێك بێت لەگەڵ رەنگی ماكیاژ، یان رەنگی پرچ.
Top