رێواسی بەهاران بەسوودە

رێواسی بەهاران بەسوودە
سرووشتی كوردستان لە وەرزی بەهاردا بە چەندین گژ و گیای خۆڕسك و سرووشتی دەوڵەمەندە، هەندێكیان دەچێندرێن و هەندێكی دیكەش لە خۆیانەوە خوڕسك دەڕوێت، هەر یەكەشیان بە تام و چێژێكە. وەك دەبینین زۆربەی ئەو گیا خۆڕسكانە بەتام و بەسوودن بۆ مرۆڤ، رێواسیش یەكێكە لەو گژ و گیا خۆشانەی بەهاران كە دەممان پڕ ئاو دەكات، هەیانە ترشە و هەیانە مزرە لە تامدا. رێواس لەگەڵ باران پەیدا دەبێ، رێواس دوو جۆری هەیە: لاچكەرێواس و ناوكە رێواس، هەروەها لە دوو بەش پێكدێ، بەشی سەرەوەی پێدەگوترێ نێرك، كە ئەو بەشەیە دەخوردرێت، هەمان ئەو بەشە گوڵە رێواس دەگرێت، بەشی خوارەوەش پێدەگوترێ: بنك، كە ئەو بەشەیە لە ژێر زەوییە، رێواس لەسەر گوڵی خۆی دەڕوێتەوە، كە رەگێكی بەهێز و قووڵی هەیە، زیاتر لە ناوچە چیایی و كوێستانەكان دەڕوێت، لە باشووری كوردستانیش زیاتر لە ناوچەكانی (سیدەكان و چۆمان و زۆربەی شوێنی دیكەی كوێستانی) هەیە. رێواسی سپیش هەیە، كە ئەو رێواسەیە لە ژێر بەردەكانەوە دەڕوێ، ترشی و مرزی رێواس وادەكات كە بكرێتە سركە و شەربەت، ئەوەش لەلایەن ئافرەتانی كوردەوە ئەو كارە دەكرێت.
Top