جلی كوردی، ئەو پۆشتە جوان و رەنگینەیە، كە ساڵەهای ساڵە لەسەر نەریتی كۆنی باب و باپیرانمان ماوە و تا ئێستاش وێڕای چەندین گۆڕانكاری كەچی شێوازی رەسەنی خۆی هەر ماوە و دەمێنێتەوە، جلی كوردی چ بۆ پیاوان و چ بۆ ئافرەتان قەشەنگە، تەنانەت لە دڵی خەڵكی بیانیش شیرینیە و حەز بە لەبەر كردنی جلی كوردی دەكەن. ئەوەتا (دادی مات ) و (بێن و مۆڵی) كە خەڵكی ئەمریكان، زوو زوو سەردانی كوردستان دەكەن، دادی مات كە كاری وێنەگرتنە و سەدان وێنەی لە كوردستان گرتووە، لە یەكێك لە جوانترین وێنەكانی، كە جلی كوردی لەبەر كۆمەڵە كچ و ئافرەتێكی بیانی كردووە و وێنەیانی گرتووە، لەلایەكی دیكەوە (بێن و مۆڵی) هاوسەری یەكترن، بێن لە بواری تەندرووستی گشتی دەخوێنێت و مۆڵی پسپۆری لە پێوەندییە سیاسیەكان هەیە، ئەوەتا بە جلی كوردی و لە كوردستان چەندین وێنەی یادگاری و جوانیان گرتووە، تا وەك یادگارییەكی شیرین بە جلی كوردی و لە كوردستان بۆیان بمێنێتەوە.