كاتێك خانمان خەریكی ئیشی ماڵ دەبن، رەنگە تووشی گرفت و ماندووبوون بن، جلەكەشیان پیس و چڵكن دەبێ، بە تایبەت لە كاتی پاككردنەوەی نێوماڵ و ئامادەكردنی چێشتدا. وا باشە خانمان جلی تایبەتی بە كاتی ئیش و كاری ماڵدا لەبەر بكەن، تا بە پاك و خاوێنی بمێننەوە و جلەكانیشیان پیس نەبێ. لەو كاتەی خەریكی ئامادەكردنی چێشت دەبیت، بەروانكەی چێشت لەبەر بكە، بەروانكە وا باوە لە نایلۆن دروست دەكرێت، كە بە ئاستەم پیس دەبێ و پیسی و چەوریش لەخۆ ناگرێ، ئەگەر پیسیش بێ، بە سانایی پاك دەبێتەوە. بە پێچەوانەی جل و بەرگ كە پاك نابێتەوە. وا چاكە لەو كاتەی خەریكی ئیشی ماڵ دەبی، یان لە ئاشخانە دەبی، دەستەوانە لە دەست بكەی، ئەوەش لە پێناو پاراستنی دەستت لە سووتان و پڕیشكی رۆن و ماددەی دیكە، هەروەها بۆ پاراستنی جوانیی پێستی دەستت بەسوودە و تەنانەت دەستەوانە نینۆكەكانیشت لە شكان دەپارێزێ.