كڵاو بە لیرە و موورووی كوردەواری

كڵاو بە لیرە و موورووی كوردەواری
جاران ئافرەتان، لە هاوین و زستاندا، كڵاو و سەرو بەستیان لە سەر دەكرد. كڵاوی ژنانە پێشتر لە نێو كۆمەڵی كوردەواریدا باو بوو كە لەگەڵ جلی كوردی لە سەر دەكرا، كڵاوی پێشان لە قوماش دروست دەكرا، پاشان بە لیرە و مووروو و نقێمی جوان دەیانڕازاندەوە. یان بە پوولەكەی رەنگاوڕەنگ و بە مێخەكی بۆن خۆش جوان دەكرا. كڵاوی ژنانە زیاتر بە دەست دروست دەكرا، دیمەنێكی قەشەنگ و جوانی هەبوو، رازاندنەوەی كڵاو بە قاش قاشی لیرە بوو، ریزە لیرەیەك لە دامەنی كڵاوەكەدا بەسەرووی ناوچەوانی ژنانەوە شۆڕ دەبۆوە. گەردانەیەك موورووی جوانیش بە بەر و گەردنی ئافرەتاندا شۆڕ دەبۆوە. كڵاوی ژنانە، هەر بۆ جوانیی نەبوو، بەڵكو سەر و پرچی خانمانی كە لە سەرمای زستان و گەرمای هاوینە دەپاراست. هەندێ جار كڵاوی ژنانە لەگەڵ رەنگی جل و بەرگی ئافرەتەكەدا هاوڕەنگ دەبوو. كڵاو، كچان دەكاتە شۆخێكی جوان، بە تایبەت ئەگەر لەگەڵ جلی كوردی لە سەر بكرێ، ئافرەتانی جاران بەردەوام سەر و كڵاویان لەسەر بوو تەنانەت بۆ زەماوەند و هەڵپەڕكێ و بۆنەی تایبەت و میوانی، لەم سەردەمەشدا لە ئاهەنگ و بۆنەكاندا لەگەڵ جلی كوردیدا كڵاو لەسەر دەنێن، خانمان بە لەسەر نانی كڵاو هێندەی دی جوان و رازاوەتر دەبن.
Top