وێنەكێشی و پەیكەرتاشی، هونەرێكی زیندووە، ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندان و وێنەكێشان لە جیهاندا هەن، تەنانەت لە پێشتریشدا چەندین بلیمەتی جیهانی دەركەوتوون، كە بە دەستی خۆیان وێنە و تابلۆی وایان كێشاوە، جێگەی سەرنجە، بەڵام ئەو قسانە پێچەوانەی كارەكانی هونەرمەند و وێنەگر و وێنەكێشی ئەرژەنتینی (ئێما فای)یە، كە رێگەیەكی دیكەی دۆزیوەتەوە تا لە بواری وێنەكێشاندا داهێنان بكات. ئێما بیری لە وێنەكێشان كردۆتەوە لەو كاتەی جەستەی مرۆڤ بەكار بهێنێ تا هونەرێكی تازە بێنێتە دی، لە كارەكەشی سەركەوتوو بوو، ئەوەتا لە جەستەی كچ و كوڕانەوە چەندین شێوەی گیاندارانی وێنە كێشاوە! لە وێنەكاندا وا دیارە كە ئەوانە جاڵجاڵۆكە و زەڕافەن، بەڵام ئەگەر لێیان وردتر بیتەوە دەزانی كە ئەوانە مرۆڤن و خۆیان چەماندۆتەوە. ئەوەی سەیرە، تا پێت نەڵێن ئەو وێنەكێشانە وایە، هەرگیز هەستی پێ ناكەی، جەستەیان ئەوەندە بە جوانی رەنگ كراوە و چەماندۆتەوە وەك ئەوەی گیاندارێك بن.