لە جەژندا دەست رەنگین بە

لە جەژندا دەست رەنگین بە
جەژن وا نزیك دەبێتەوە، خانمان بەر لە جەژن دەبێ تەواوی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی ماڵێكی خۆش و پڕ بۆن و بەرامیان هەبێ، تا لە پێشوازیی میواناندا وەك بەهەشتێكی ئەم سەر زەمینە بێت. دیكۆری ماڵەكەت رۆژانە پێویستی بە ئاگادار بوون و پاك كردنەوەیە، بەڵام لە رۆژانی جەژندا با جێ دەست رەنگینیت بە جوانیی دیكۆری ماڵەكەتەوە دیار بێت، هەوڵ بدە لەم چەند رۆژە پیرۆزەدا، ئەو لایەنانە پشت گوێ نەخەی كە لە ماڵەكەتدا دیار و بەرچاون:
- پاك راگرتن و جوانیی ماڵ: چەند رۆژێك بەر لە جەژن، هەڵمەتی تەواوی پاك كردنەوەی ماڵەكەت بەجێ بگەیەنە هەر لە پاك كردنەوەی رایەخ و بەرماڵ، قەنەفە و دۆشەك و سەرینەكان، پەردەی پەنجەرەكانیش لە بیر مەكە. كەرەستە و كەل و پەلی بەرچاو، یان ئەوانەی لە ژووری میوان و چێشخانەدان، زوو زوو پێویستیان بە پاك كردنەوەیە، دیوار و میچی ماڵ بە پاكی رابگرە، یان دەستێكیان پێدا بێنە.
- بۆن و بەرامی ماڵەكەت: لە رۆژی جەژندا با ماڵەكەت بە بۆن و بەرامێكی خۆشەوە سەرنجی هەمووان رابكێشێت، ئەگەر دەتەوێ ماڵەكەت بۆن خۆش بكەی، بەم دوو رێگەیە بەدی دێت، یەكەمیان، شووشتنی كەرەستە و كەلوپەلەكان بە ماددەیەك كە بۆندار بێ، وەك: سابوون و زاهی و شلەی بۆندار بۆ كەرەستە، هەروەها شامپۆی بە بۆن بۆ جل و بەرگ،. دووەم، بە رشاندنی بۆن و بەرامی خۆش بە سەراپای ماڵەكەت. هەشە لە یەكەم رۆژی جەژندا بخورد دادەگیرسێنێ.
- لە بیر مەكە كۆمەڵێك شیرینی دروست بكە، یان هەندێكیان بكڕە وەك: كولیچە، بادەم، پاقلاوە و پاقڵەمەنی، شەربەت و چەرەزا بە هەموو جۆرەكانییەوە، كە لە رۆژی جەژندا، هەر یەكەیان لە ناو قاپێكی گەورە دابنێ و بە رێكی لە سەر مێزێك ریزیان بكە، ئەو مێزەش با لە ژووری میوان و پێشوازی، یان لە چێشتخانەی دانێ، تا ئەوەی بیەوێ چۆنی پێی خۆش بوو لێیان بخوات.
- مۆم و گلۆپی رەنگاوڕەنگ داگیرسێنە، تا گوزارشت لە خۆشی و جوانیی ئەو رۆژە بكەن، لە بیر مەكە مۆمی بۆندار هەیە، كە جگە لەوەی دیمەنی جوانە، بۆنی ماڵەكەشت خۆش دەكات.
- دیاری و خەڵات: بەر لە جەژن، چەندین دیاری و خەڵات بكڕە، بە بێ ئەوەی كەس ئاگای لێ بێ، لە رۆژی جەژندا بە سوپرایز، بانگی یەكە یەكەی ئەندامانی خێزانەكەت بكە و پێشكەشیان بكە، تەنانەت ئەگەر شتێكی سادەش بن، هەر دەبنە مایەی خۆشیی ئەوان و لێهاتوویی تۆ.
Top