ئەو زمانەی لە ھەموو جیھاندا تەنھا دوو کەس قسەی پێ دەکەن
July 22, 2014
رەنگا و ڕەنگ
(یابانیکۆ) ئەو زمانەیە کە لەسەر تاسەری جیھاندا تەنھا دوو کەس قسەی پێ دەکەن، لەوەش سەیرتر ئەو دوو کەسەش قسە لەگەڵ یەکتر ناکەن!.
(مانوێل سیجوڤیا)ی تەمەن ٧٥ ساڵان و (فیلاسکیز ئیسیدۆز)ی تەمەن ٦٩ ساڵان ئەو دوو کەسەن توانایان ھەیە بە زمانی یابانیکۆ قسە بکەن. ئەم دووانە ھەر چەندە تەنھا ٥٠٠ مەتر لە یەکتری دوورن، کەچی قسە لەگەڵ یەکتری ناکەن! ئەم دووانە لە گوندێک دەژین کە ناوی (ئایابا)یە و کەوتۆتە ویلایەتی (تایاسکۆ)ی باشووری (مەکسیک).
سیجوڤیا برایەکی ھەبوو کە ١٠ ساڵ لەمەوبەر گیانی لەدەستدا، ئەو لەگەڵ براکەی بەردەوام قسەی بە (یابانیکۆ) دەکرد، بەڵام دوای مردنی براکەی ئێستا کەس نییە قسەی لەگەڵدا بکات، ھەرچەندە ھاوسەر و کوڕ و کچەکانی زمانی یابانیکۆ تۆزێک دەزانن، بەڵام توانای ئەوەیان نییە بە باشی قسەی پێ بکەن، بۆیە بەکاری ناھێنن، ھەروەھا سیجوڤیا ناتوانێت قسە لەگەڵ ئیسیدۆز بکات، چونکە ئیسیدۆز ھەرچەندە کە زمانی یابانیکۆ دەزانێت، بەڵام بەھیچ شێوەیەک بەو زمانە قسە ناکات. تا ئێستاش ھۆکاری ئەوە بەتەواوی روون نەکراوەتەوە کە بۆچی ھەریەک لە سیجوڤیا و ئیسیدۆز ناتوانن بەیەکەوە بە زمانی یابانیکۆ قسە بکەن! بەڵام یەکێک لە زمانەوانەکانی زانکۆی (ئاندیانا) کە ئێستا بەنیازە فەرھەنگێک بۆ زمانی یابانیکۆ دابنێت، پێیوایە کە لەنێوان ھەریەک بە سیجوڤیا و ئیسیدۆز بەشە ھاوبەشەکان بوونی نییە، بۆیە ناتوانن بەیەکەوە قسە بکەن. ھەندێک ھۆکاری قسەنەکردنی ھەریەک لە سیجوڤیا و ئیسیدۆز بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئەم دووانە رکابەری یەکترن و کێشەیان لەنێواندا ھەیە، بۆیە قسە بەیەکەوە ناکەن، بەڵام سیجوڤیا ئەوەی رەت کردەوە و روونی کردەوە کە ئەو و ئیسیدۆز ھیچ کێشەیەکیان لەنێواندا نییە.
جگە لەمانەش سیجوڤیا دەڵێ: کاتێک منداڵ بووم ھەمووان بە زمانی یابانیکۆ قسەیان دەکرد، بەڵام ھێدی ھێدی ئەم زمانە ون بوو، وابزانم ئەم زمانە لەگەڵ مردنی مندا بۆ ھەتاھەتایە دەمرێت.
