پۆشینی جل و بەرگ بۆ هەر كات و شوێنێك جیاوازی هەیە، واچاكە جلەكانت جیاواز بن، بزانە چ جۆرە جلێك بۆ چ شوێن و كاتێك لەبەر دەكەی، جیاوازی هەیە كاتێك دەچیتە زەماوەندێك، یان دەچیتە شوێنی دەوامی فەرمی، ئەو خانمانەی خەریكی دەوام و كارن لە فەرمانگە و دام و دەزگای میری، یان لە كۆمپانیا و كەرتی تایبەت كار دەكەن، چەندین بنەما هەن كە ئەو فەرمانبەرە خانمانە سەركەوتوو دەكەن لە كارەكانیان، تەنانەت بە جوانترین شێوەش دەكەونە بەرچاو. جگە لە لێهاتوویی لە كاركردن، زیرەكی لە راپەڕاندنی ئەركیاندا، هەروەها لەبەر كردنی جلی جوان، گرنگی دان بە پرچ و رێك و پێكی لە شێوەدا، دوو فاكتەری گرنگن لە كەسایەتی كارمەندان كە سیمایەكی تایبەتیان پێدەبەخشێت و لە خەڵكی ئاسایی جیایان دەكاتەوە، هەر بۆیە پسپۆرانی جل و بەرگ دەڵێن: مەرجە ئافرەتانی فەرمانبەر و كارمەند، جلێكی جوانیان لەبەر بێ، لەگەڵ نشونما و كات و شوێنی دەوامەكەی گونجاو بێ، چونكە جلی ئافرەتی ماڵ جیاوازە لە خانمێكی فەرمانبەر، بەتایبەت لە رووی رەنگەوە، واچاكە ئەو جلانە لەبەر بكات كە ئارام و كاڵ و كراوە ن، وەك: رەش، سپی، رەساسی، شین، خۆڵەمێشی، قاوەیی، واتە ئەو رەنگانەی گوزارشت لە رەنگی سرووشتی دەكەن، بۆ ئەوەی ریتمێك بە بەژن و پۆشاكت بدەی، دەكرێ سوود لە رەنگی گەرم و زەقیش وەربگری، بە تایبەتی بۆ جانتای دەستت كە دەكرێ سوور بێ، یان پەمەیی، زەرد یان هەر رەنگێكی دیكە كە بە دڵت بێت.