كیژۆڵەكەت وەك بووكە شووشەیە

كیژۆڵەكەت وەك بووكە شووشەیە
ئەگەر وا هەست دەكەی، لە هەڵبژاردنی جلێكدا سەركەوتووی، دەبێ وریای جل و بەرگ و جوانی منداڵەكەشت بیت، چونكە ئەوانیش نموونەیەكن لە جوانی و دەست رەنگینی خۆت كاتێك كیژۆڵە خنجیلانەكەت لەگەڵ خۆتدا دەبەیت بۆ بۆنە و زەماوەندێك، یان بەشداری لە ئاهەنگێكدا دەكەن، واجوانە كچەكەشت وەك خۆت جوان و رازاوە بێ، تەنانەت ئەوەندە بیڕازێنەوە هەر وەك بووكەشووشە وابێت. كاتێك بە خانمێك دەڵێن دەست رەنگینە، دەبێ لە هەموو كار و ئەركێكیدا لێهاتوویی خۆی پیشان بدات. ئیدی جوانیی ماڵ و منداڵت لە بیر مەكە، بەڵكو جوانیی ئەوانیش گوزارشت لە كاری جوانیی تۆ دەكات. كیژۆڵانیش بە جلەوە رازاوەتر دەبن، وەك كچە شۆخ و شەنگێك دێنە بەرچاو. تا كچەكەت لە نێو كچانی دیكەدا خۆی بە شاجوانێك بزانێت، وابكە كچەكەت وەك بووكەشووشەیەكی بچووك بێ، كراسێكی درێژ و سادە رەنگی بۆ هەڵبژێرە، جگە لەوەش كیژۆڵەی بچووك، هەر خۆی حەزی بە بووكە شووشەیە، وەك چۆن خۆی جلی جوان لەبەر بووكەشووشەكەی دەكات، تۆش وەك كیژۆڵەكەت بە، جلێكی قەشەنگ لەبەر كچەكەت بكە.
Top