ئێكسسوار گەلێك چەشن و جۆری هەیە، زۆری و بۆری ئێكسسوار، وا لە كچان دەكات پڕ بە دڵ نەتوانن بە ویستی خۆیان یەكێك لەو ئێكسسوارانە هەڵبژێرن تا بەخۆیانیەوە بكەن، هاوینان چەندین جۆرە ئێكسسوار لەلایەن خانمانەوە دەپۆشرێن لەوانە : بازن، گوارە، ئەڵقە و ئەنگوستیلە، ملوانكە، خڕخاڵ، هەر یەك لەم ئێكسسوارانە بە چەشنێك جوانی و بایەخی خۆیان هەیە، ئەوەی زیاتر كچان پێیان جوانە و بە بەردەوامی لەبەری دەكەن، بازنە كە دەست و مەچەكی خۆیانی پێدەڕازێننەوە. جوانیی بازن لە بریقەی كریستاڵ و نەخشی نقێمی سەر بازنەكەیە، لەو كاتەی بەر رووناكی هەتاو دەكەوێ بریقەیەك بە دەست و مەچەكی خانمان دەبەخشێ، جاران بازن زیاتر لە كانزا دروست دەكران، زۆربەی هەرەزۆری لە زێڕ و زیو، تەنەكە، مس بوو، ئێستا مۆدی بازن زیاتر لە كریستاڵی بچووك و مووروو، كە سادە وجوان ساكارن، لە دەست و مەچەكی كچانیش بە قەشەنگن. مۆدی تازەی بازن پێیدەگوترێ (كروشێ)، هەندێكیان لە شێوەی گوڵن، یان وەك تاجە گوڵینە وایە، بە شلی لە دەست دەكرێ، چونكە وەكو بازنی پێشوو توند نییە، بەڵكو خاو خاو بەسەر دەست و مەچەكدا دێتە خوارەوە.