زۆربەی كەرەستە و كەلوپەلی كوردەواری، بە چەشنێكی توند و تۆڵەوە دروست دەكرێن. تەنانەت هەندێكیان جێگەی بایەخن و بە كارامەیی لەلایەن پیاوان و ئافرەتانی كوردەوە دروست دەكرێ. ئەگەر كڵاش وەك نموونە وەربگرین، یەكێكە لەو كەرەستە بەسوودانەی سەردەمێكە لەلایەن پیاوان لەپێ دەكرێ. زیاتریش لەگەڵ جلی كوردی لە پێ دەكرێ بە تایبەت لە بۆنە و ئاهەنگدا. كڵاش چەند سیفەت و تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەوانە : لە كاتی لە پێ كردن ئازاری پشت نادات ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆریش لە پێ بكەی پشتت ناهێشێنێت، ئەو كەسەی كڵاش لەپێ بكات، بۆنی پێی نایێ بە پێچەوانەی پێڵاوی بیانی، سیفەتێكی دیكەی كڵاش گورج و گۆڵە، بە قسەی یەكێك لە وەستاكانی كڵاش دروست كردن بە هاوینان نەرم و شلە، لە زستانیش توند و تۆڵە، بەڵام یەكێك لە سەیرترین و جوانترین سیفەتەكانی كڵاش ئەوەیە راست و چەپی نییە، پیاوان دەتوانن بە هەردوولا لە پێی بكەن. ئەوەی باس دەكرێ و دەگوترێ كە دروست كردنی كڵاش بۆ (500) ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، هەندێكی دیكەش دەڵێن لە سەردەمی ئایینی زەردەشت و لە ناوچەی هەورامانەوە پەیدا بووە. كڵاش بۆ هەردوو رەگەزە، واتە ئافرەتانیش دەتوانن لە پێ بكەن، تەنانەت كڵاشی ئافرەتانیش هەیە.وەك پێیان گوتین : دروست كردنی هەر كڵاشێك ماوەی رۆژ و نیوێكی دەوێ، زۆربەی كڵاش لە ( پەموو، پێستی چێڵ، مووی بزن، خووری مەڕ) دروست دەكرێ، ژێرەوەی كڵاش توند و تۆڵە، بەهۆی ئەوەی لە عەورەتی بەرخ و گا دروست دەكرێ، ئەوەی لە ئێستا باوی هەیە و بەناوبانگە كڵاشی جۆری (هەورامی و پەڕۆیینە)، باشترین جۆرە كڵاشی كوردی، كڵاشی هەورامانە.