دەڵێن، باشترە پیاو لە ژن گەورەتر بێت، ئەگەر بیانەوێ ژیانی هاوسەری پێكبهێنن، مەبەست لێرەدا زیاتر ریزگرتن و متمانە و خۆشەویستییە نێوان ئەو دوو كەسە، كەچی وادیارە ئەو دوو هاوسەرە تازەیە پێچەوانەی ئەو قسەیان هەیە، ئەوەتا لە چین پیاوێكی تەمەن (70) ساڵە كە ناوی (ئیمیت ئایشنگ)ە، لە ناوچەی (شینگیانگ)ی چینی دەژی، لەگەڵ ئافرەتێكی تەمەن (103) ساڵە ژیانی هاوسەریان پێكهێنا، لە زەماوەندێكی قەشەنگدا، توانیان دڵی خۆیان و میوانان خۆش بكەن. ئەوەتا زاوای دڵتەڕ دەڵێ : تەمەن بەلامەوە گرنگ نییە، ئەوە گرنگە دڵمان بەیەكتر خۆشە و ئەو بووكە خانەش نازدارە و قسە خۆشە، دەتوانێ دڵی منیش خۆش بكات، ئەوەی سەیرە پیرە بووك خوازبێنی یەك جار و دوو جار بە كاكەی زاوا رازی نەبوو، بەڵكو چەند جارێك ئەو شووكردەی رەت كردەوە، بەڵام داواجار بە پیرە زاوا رازی بوو، پاشان ئاهەنگی هاوسەریان بە شادی و خۆشی میوانانەوە گێڕا.