قژی رازاوەی كیژۆڵان

قژی رازاوەی كیژۆڵان
خانمان لە هەر ئەركێكی رۆژانەیاندا، بە گرنگی و روونییەوە لە ئەركی خۆیان دەڕوانن، كە هەموو لایەنێكی جوانی بۆ ماڵ و منداڵ دەگرێتەوە، زۆربەشی پەیوەستە بە دەست رەنگینی و لێهاتوویی خانمانەوە، تا رەونەق و بەهرەی خۆیان لە هەموو كارەكاندا رەنگبداتەوە. لە زۆربەی ماڵاندا خانمان زیاتر ئەركی ماڵ و منداڵیان لەسەر شانە، هەر ئەوانیش دەزانن چ جۆرە دیكۆرێكی جوان بۆ ماڵ دابنێن، یان دەتوانن بە جوانترین شێوە منداڵەكانیان جوان بكەن. هەڵبەت هەر جلێكیش كە بۆ منداڵانی خۆیانی هەڵبژێرن، شایستەیە. گرنگی دان بە منداڵیش هەر جل و بەرگ نییە، بەڵكو پاك راگرتن و دانانی تەسریحەیەكی جوان بۆ قژیان، تەنانەت بە داهێنانی شێوازێكی قژی منداڵ، دەبێتە جێگەی دەست رەنگینیت و رەنگدانەوەی جوانیت لەسەریان دەبێ. هەوڵبدە بە بەردەوامی چاودێریی منداڵەكانت بكەی، لە پاك راگرتنی جەستە و
جل و بەرگیان، گرنگترین شتیش ئەوەیە فێریان بكەی كە چۆن بتوانن ئاگاداری خۆیان بن و خۆیان جوان بكەن. ئەگەرچی جیاوازییەكی ئەوتۆ نابیندرێ لە نێوان شێوازی قژی منداڵان و خانمان، بەڵام ئەگەر شێوازی قژی منداڵان جیا بكرێتەوە لەگەڵ ئەوەی گەوران، زیاتر سەرنجراكێش دەبێت و سیمای جوانی منداڵ ون ناكات، تەنیا وەك شازادەیەكی بچكۆڵە نیشانی دەدات. تا قژی منداڵت جوان و ناسك بێ، كاری رۆژانەی پێویستە تا بە پاك و خاوێنی رابگیرێ و نابێ فەرامۆشیش بكرێ، چونكە لە دواجار نامۆ دەبێ و لە جوانی بێ بەش دەبێت.
Top