لەوڕۆ بە دواوە گەشت و سەیران خۆش دەبێ، لەگەڵ هاتنی یەكەمین رۆژی نەورۆز ئیدی خەڵك بەرەو دەشت و دۆڵ و شوێنی گەشتیاری رێگە دەگرن، هەر یەكە لەگەڵ كەسانی نزیكی خۆی، یان كۆمەڵێك خێزان بەیەكەوە سەیرانی خۆیان دەكەن. هەموو كەس خۆی بە جوانترین شێوە دەڕازێنێتەوە، خانمانیش چێشتی زۆر خۆش و بە تام بۆ گەشتی نەورۆز لێدەنێن بێجگە لەوەش خۆ رازاندنەوەی كچان بۆ دەرچوون و سەیران هەر تەواو نابێ، گرنگترین لایەنی جوانی بۆ خانمان لە گەشت و سەیراندا بەستن و دانانی تەسریحەیەكی شازادانەیە، خانمان زیاتر جلی كوردی بۆ سەیران و گەشت دەپۆشن، لەگەڵ جلی كوردیشدا پێویست دەبێت كە خانمان قژیان بە جوانترین شێوە دەربخەن. هەڵبەت خانمان لەو رۆژەدا وەك شازادەیەك دەردەكەون، ئەگەر خانمان بە جلی كوردی و قژێكی كراوە خۆیان ئامادە كردبێ دەبنە شازە شۆخی سەر ئەم زەمینە. واباوە لەلای كچانی كوردەوە زیاتر قژیان دەكەنەوە لە گەشت و سەیراندا، ئەگەر خانمان بیانەوێ چەشنی شازادە جوان بن لە سەیران و گەشتدا، لەو كاتە ئەو جوانییە بە دەست دەهێنن، ئەگەر كراسێكی كوردی جوان و قژیشیان خاو و كراوە بێت.