رەنگە لە داهاتوودا ببێتە سەیرترین كاری هونەری وێنەكێشان، ئەو هونەرە تازەیە و لەلایەن هاووڵاتییەكی ئیسپانی بە ناوی (دیڤید كاتا) هاتۆتە كایەوە، ئەو هونەرە لە سەر پێستی مرۆڤ بەرجەستە دەبێ، واتە نیگار كێش لە بری ئەوەی لە سەر كاغەز و كانفاس وێنە بكێشێ ، پێستی مرۆڤ دەكاتە زەمینە بۆ كێشانی نیگار یان وێنە، بەڵام لە رێی بەكارهێنانی دەرزی و داوەوە كە جەستەی مرۆڤ دەنەخشێ و دەیكاتە تابلۆ. لە سەرەتاشدا هونەرمەندی ئیسپانی (دیڤید) لەناو لەپی دەست پەرەی بەو هونەرە تازەیە داوە. ئەو پێست درووە تازەیە، ئەو بیرۆكەیەی بە خەیاڵدا هاتووە، لەوانەشە ئەو دوورینی پێستە، جێ تاتۆ بگرێتەوە. ئەگەر چی ئازار و ژانی هەیە بۆ سەر جەستەی كەسەكە، بەڵام وەك ژانی تاتۆ كردن نییە، بەڵكو سووكترە. لەو وێنانەی دەیدرووێنی لەسەر پێستدا، زیاتر وێنەی كەسایەتی جیهانی، یان وێنەی كەسی خاوەن جەستەكەیە، واتە ئەگەر كەسێك بیەوێ وێنەی خۆی لەناو لەپی دەستی هەبێ، دەتوانێ سەردانێكی ئەو پێست درووە بكات، دوای چێژتنی هەندێك ئازار و ژان، وێنەیەكی جوانی بۆ دەدروێت!