كوردستان وەك وڵاتانی جیهان، بەرەو پێشوەچوونی بەرچاوی لە زۆربەی بواردا بەخۆوە بینیوە بە تایبەت لە بازاڕگەری و هێنانی شت و مەك. تەنانەت ئەو كەرەستە و شت و مەكەی لە بازاڕە بە ناوبانگەكانی جیهاندا هەن، هەمان ئەو كاڵایانەش لێرەدا دەست دەكەون، وەك ئەو كاڵایانەی ئۆرجیناڵ و ماركەن. كە نرخیان بەرز و هەندێك جاریش خەیاڵییە. ماوەیەك لەمەوبەر باسی كاتژمێرێكی ئەڵماسمان كرد لە كوردستاندا بوو كە بە (70) هەزار دۆلار فرۆشرا، ئەوجارەیان دێینە سەر گرانترین كاتژمێر و چاویلكە كە ئێستا لە بازاڕی كوردستاندا هەن. ئەو كاتژمێرە سویسڕییە، نرخی (45) هەزار دۆلارە، گرانی ئەو كاتژمێرە لەوەدایە كە لە (18) قیراتی زێڕ دروست كراوە، جگە لەوەش دیوی دەرەوەی لە مادەی كاربۆن و تایتانیۆمە، هەبوونی ئەو دوو مادەیە بۆ پتەو كردنی ئامێرەكەیە، سیفەتێكی دیكەی ئەو كاتژمێرە بە دەست دروست كراوە، واتە بەبێ بەكارهێنانی ئامێر، لە ناوەوەشی نزیكەی (48) گەوهەری گرانبەهای تێدایە. ئەو جۆرە كاتژمێرە بۆ پیاوان و ئافرەتانیشە. لە دووكانێكی چاویلكە فرۆشیشدا، گرانترین چاویلكەمان بەرچاو كەوت، كە ماركەیەكی فەڕەنسییە، نرخی (2150) دۆلارە، ئەوەی جێگەی سەیرە، هاوێنەی ئەو چاویلكەیە ناشكێ و (5) ساڵیش گەرەنتی لەگەڵە، وەكو كاتژمێرەكەی پێشوو بە دەست دروست دەكرێ، جووتە دەسكی چاویلكەكەش كە دەچێتە سەر گوێچكە لە دارە گوڵێكی بە نرخ و گرانبەها دروست كراوە. خەسڵەتێكی دیكەی ئەو چاویلكەیە ئەوەیە كە كاریگەری تیشك و فول لایتی ئۆتۆمبێل بۆ سەر چاو كەم دەكاتەوە، هەروەها ئەگەر بەر زەویش بكەوێت، قایمە و ناشكێت.