شاری هەولێر رۆژ بەدوای رۆژ پێشكەوتن وگەشەسەندنی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت. رۆژ بە رۆژ جوانتر دەبێت، بە شێوەیەك پێشتر كۆمەڵێك شت تەنیا لە وێنە دەمانبینی كە لەوڵاتانی دەوروبەردا هەبوون. رەنگە هەندێ كەس خەونیان بەوەوە دیبێت كە هەولێریش وەك شارە ناودارەكانی جیهان ببێتە خاوەنی ئەو ناز و رواڵەتانە. یەكێ لەو رواڵەتانە هەبوونی كۆترە لە نێو گۆڕەپانێكی شاردا، كە بێ سڵ كردنەوە تێكەڵ بە خەڵكی ببن.ئەمڕۆ لە پاركی شار لە ناوەڕاستی شاری هەوڵیر نزیك بە قەڵای دێرین رەوە كۆترێكی زۆر لە تەختایەكی ئەو باخچەیەدا دەنیشنەوە. ئەو كۆترانە لە شورەی باخچەكەدا هێلانەیان بۆ دروست كراوە كە بە رەو لە گۆڕەپانەدا دەنیشنەوە و دیمەنێكی جوان و سەرنج راكێشان هەیە و خەڵكی شار و گەشتیاران كاتێكی خۆش لەگەڵ تەماشا كردنی ئەو كۆترانە بەسەر دەبەن، كە زۆربەیان كۆتری رازاوە و كەوی كراون و لەو شوێنی خۆیان هەڵدەنیشنەوەو لە لایەن چەند ئارەزوومەندێكی كۆتر چاودێری دەكرێن و دان و ئاویان بۆ دابین دەكرێت. كۆتر باڵندەیەكی هێمنی جوانە چەندین شێوەو جۆرو رەنگی هەیە لە شاری هەولێر چەندین كەس حەز بە كۆتربازی و بە خێو كردنیان دەكەن و لە ماڵەوە چەندان كۆتریان هەیە، نرخی كۆتریش بە گوێرەی جۆرەكەی دەگۆڕێت و ئەوانەی دەگمەن بن تاكو بڕی یەك دەفتەر دۆلار دەكات. ئەوانەی لە پاركی شاردان، چەندین جۆرە كۆترن كە زۆر جوانن و بەڵام نرخیان زۆر گران نییە. جێی سەرنجە كۆترەكانی پاركی شار لە نێو پاركەكەدا زۆر بە كەمی لە پاركدا جیقنە دەكەن، ئەوان بۆ خواردنی دان و ئاو خواردنەوە بە كۆمەڵ لە تەختایی پاركەكەدا دەنیشنەوە، كە زۆر كەسیش بۆ یادگاری وێنەیان لەگەڵ دەگرێ.