یەكەمین نمایشی سێركی كوردی

یەكەمین نمایشی سێركی كوردی
جاران زۆرێك لە داهێنەر و بیرمەندی بە توانا لەناو كورددا هەبوون، وەكو باس دەكەن لە ساڵانی پەنجا و شەستەكاندا، چەندین كاری تازە و داهێنانی جۆراوجۆر لەلایەن كورد كراوە. یەكێك لەو كارە سەرنج راكێشانە، بەهرەی پیاوێكی خەڵكی سلێمانی بە ناوی (فتح الله كەریم ساڵح) بووە، كە بە (فەتاحی رەسام) ناسرا بوو. ئەم پیاوە یەكەمین كەس بوو لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان لە ساڵی (1960) توانی نمایشێكی ئەكرۆپاتیكی بكاتەوە ئەوەش بە بەرچاوی ژمارەیەكی زۆری خەڵكی سلێمانی كە ئامادەی نمایشەكە بوون، لە نمایشەكەیدا چەندین یاری جۆراوجۆری پێشكەش كرد لەوانە : لاسایی كردنەوە، جمناستیك، جووڵەی سەیری جەستە، رۆیشتن بەسەر گوریسدا یەكێك بوو لە گرنگترین بەشەكانی نمایشەكە. جگە لەوەش بەهرەی فەتاحی رەسام هەر رۆیشتن بەسەر گوریسەوە نەبوو، فەتاحی رەسام لەلاسایی كردنەوەدا توانایەكی سەرسوڕهێنەری هەبوو، ئەو دەیتوانی لاسایی گەورەترین هونەرمەندانی جیهان لە نموونەی (چارلی چاپڵن) بكاتەوە. ماوەتەوە بڵێین فەتاحی رەسام لە ساڵی (1930) لە دایك بووە و لە دوای بەسەربردنی (67) ساڵی تەمەنی كۆچی داویی كردووە، ئەو كەسەش پێشەنگ بوو لە كردنەوەی سێرك و نمایشی لەم جۆرە، دوای ماوەیەكی زۆر، واتە لە ساڵی (2010)دا، نمایشێكی سێركی جیهانی لەبەردەم پاركی شانەدەر پێشكەش كرا، جگە لەوەش ژمارەیەكی زۆری خەڵكی كوردستان ئەو نمایشەی بەردەمی پاركی شانەدەریان بینی.
Top