لەبەر كردنی جل و بەرگی نایاب، لەلایەن كچان یان خانمان، نیشانەیەكە بۆ لێهاتوویی و كارامەیی ئەو كەسەی لە هەڵبژاردنی جلەكەیدا ژیرانە دەست نیشانی كردووە، چونكە ئەو زیرەكییە لە دەستنیشان كردنی جل و بەرگ، مانای تێگەیشتنی ئەو كەسەیە لە شێوازی جۆراوجۆری نێوان كۆمەڵە جلێك. ئەگەر پانتۆڵ وەك نموونەیەك وەربگرین، كە یەكێكە لە گرنگترین پارچەكانی جل و بەرگ، هەڵبەت دەزانین پانتۆڵ چەندین شێواز و جۆری هەیە، لەوانە : پانتۆڵی قوماش، پانتۆڵی كاوبۆی (جینز)، پانتۆڵی كیلۆت. هەر یەكێك لەو پانتۆڵانە، سەرنج راكێش و جیاوازی هەیە لە ستایل و نەخشدا . شیاوترین جۆری پانتۆڵ لەم وەرزەدا پانتۆڵی جینزە، یان ئەوەی بە كاوبۆیی ناسراوە لە نێو خەڵكدا. جوانی پانتۆڵی جینز لە چەندین رووەوەیە لەوانە : لەرووی گونجانەوە لەگەڵ جلی دیكەدا دەگونجێ، لەگەڵ زۆربەی جلەكانی دیكەدا دەگونجێ، دواتریش شێوەی جەستە بە توند و تۆڵی دەردەخات، بەتایبەت كاتێك لەگەڵ كراس و فانیلە لەبەر دەكرێ. پسپۆران شیاوترین مۆدەی پانتۆڵ دەستنیشان دەكەن، ئەویش بریتییە لە مۆدەی شێوەی كراوە لە بەشی سەرەوەی پانتۆڵەكە و لە خوارەوەش بەرەو تەسكبوونەوە دەچێ، یان ئەوەی بە (سكێرت) ناسراوە.