هیندستان یەكێكە لەو وڵاتانەی كە ژمارەیەكی زۆر فیلی هەیە، خەڵكی هیندستان فیلیان خۆشدەوێ، رێزێكی زۆر لەم گیاندارە دەگرن و تا رادەی ئەوەی فیستیڤاڵی بۆ رێكدەخەن، تەنانەت لە زۆربەی بۆنە ویادی تایبەتی خۆیاندا، فیل ئامادەیە و یەكێكە لە میوانە خۆشەویستەكانی ئەم بۆنە و یادانە. ئەوەتا لە فیستیڤاڵی هاتنی وەرزی بەهاردا، كە ساڵانە لە شاری (جایبور)ی پایەتەختی ویلایەتی (راجستان)ی وڵاتی هیندستان بەڕێوە دەچێ، بەبۆنەی هاتنی وەرزی بەهارەوە، گەورەترین فیستیڤاڵی ساڵانەیان رێك دەخەن، لەو بۆنەیەشدا، فیل دەهێنن و سەرتاپای بە رەنگ جەستەی فیلەكان دەنەخشێنن. بەم شێوەیە فیلەكان چەشنی تابلۆیەكی زیندوویان لێ دێت و بە نێو ئاپۆڕای خەڵكەكەدا دەسووڕێنەوە. دواتریش بەم فیلانە كەژاوەیەكی گەورە لە فیلە رەنگاوڕەنگەكان رێكدەخرێ و بە بەرچاوی خەڵكەوە بە نێو شەقامەكانی ئەو ناوچەیە دەسووڕێنەوە.